تورکیا لە دوو ساڵدا زیاتر لە ٧٠٠ پرۆسەى سەربازیی لە خاکى عێراق و هەرێم ئەنجام داوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێم ڕایگەیاند، تورکیا ٨٠ سەربازگە و بنکەى لە خاکى عێراق و هەرێمدا دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم ڕاگەیاند، تورکیا بە پشت بەستن بە بڕیارێکى پەرلەمانى وڵاتەکەى هێرش دەکاتە سەر خاکى هەرێم و هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیادا نییە بۆ هاتنى هێز بۆ ناو خاکى هەرێم و ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن لە خاکى هەرێم.

هەروەها وتیشى: تورکیا نزیکەى ٨٠ سەربازگە و بنکەى لە خاکى عێراق لە هەرێمى کوردستان دروست کردووە، بە دڕیژى ٢٠٠ کیلۆمەتر و بە قووڵایی ٤٠ کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکى هەرێمەوە و عێراقیش ئاگادارى ئەم وردەکارییانەیە.

ناوبراو دەشڵێت: فڕۆکەى جەنگى و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکیا ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئاسمانى هەرێمى کوردستان و عێراقەوەن، هەموو دامودەزگاکانى عێراق بە سەرۆک وەزیرانیشەوە دەزانن ئەمە هەیە و ئەم بێ دەنگییەش ماناى ڕەزامەندى عێراقە بە هێرشەکانى تورکیا لە خاکى عێراق.

جەبار یاوەر ئاشکرایشی کرد، لە شەش مانگى ڕابردوودا، تورکیا ١٩٨ پرۆسەى سەرباز زەمینى و ئاسمانیی لە خاکى عێراق و هەرێمدا ئەنجام داوە و بەگشتی لە دوو ساڵدا زیاتر لە ٧٠٠ پرۆسەى سەربازیی لە خاکى عێراق و هەرێم ئەنجام داوە.

News Code 223727

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha