سوپای تورکیا ڕێگا لەنێوان بنکە و بارەگا سەربازییانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات

بەشی تورکیا- ڕێكخراوی CPTی ئه‌مریكی ده‌ڵێت، لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت، لە ناحیەی شیلادزێوە بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی بکێشێت، هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلوک و بامەڕنێ و بێگۆڤادا تێپەڕدەبێت.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تیمی كوردستانی ڕێكخراوی CPTی ئه‌مریكی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: "لە ۲۸ی کانونی دوەمی ۲۰۲۴دا، سوپای تورکیا دەستیکرد بە دروست کردنی ڕێگای سەربازی لەنێوان ئەو بنکە و بارەگا سەربازییانەی کە لە ساڵی ۲۰۲۱، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەورە برووسکە، لە دەڤەری بەرواری باڵای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ دروستی کردبوون، لەدوای چەند هەفتەیەک لە کارکردن، ڕێگا سەربازییەکە بە قووڵایی ۹ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دروست کرا".

ڕێکخراوەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، لە ۱۰ی نیسانی ۲۰۲۴دا، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقی، دوو بارەگای سەربازییان لە گوندەکانی سنووری قەزای باتیفا، لەسەر ملی سیارە و چەپەری ئینگلیز جێگیر کرد، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ناحیەی کانی ماسێ، دروست کردنی ئەو دو بارەگا سەربازییە بۆ ڕێگری کردن بو لە پێشڕەوی زیاتری سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

تیمی كوردستانی CPTی ئه‌مریكی باس له‌وه‌ده‌كات،  "بە بنیاتنانی ئەو دو بارەگا سەربازییە، سەدان خانەوادەی گوندەکانی کەشان و شیلان و بانکێ و دەیان گوندی تر لە قەزای باتیفا، لەدوای ۱۳ ساڵ لە ئاوارەبوون، توانیان بگەڕێنەوە ناو گوندەکانیان و گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "لەدوای دروست کردنی ئەو دوو بارەگا سەربازییەی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق، سوپای تورکیا لە خۆرهەڵاتی قەزای باتیفا و لە گوندەکانی بەرواری باڵا لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ دەستیان بە جموجۆڵی سەربازی کرد بۆ ناو گوندەکان، لەماوەی ۱۰ ڕۆژی ڕابردودا و لە ڕێگەی ئەو ڕێگا سەربازییانەی کە تورکیا لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا بنیادی ناون، ۳۰۰ تانک و زریپۆشی سوپای تورکیا داخڵی گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ بوون".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی هه‌زار سەربازی تورکیا لە نێوان بارەگای سەربازی گرێ باروخ (کە گەورەترین بارەگای سەربازی تورکیایە و لە ساڵی ۱۹۹۷ەوە لەناو خاکی هەرێمدا دروستکراوە) و چیای مەتینا لە پشتی ناحیەی بامەرنێ هاتوچۆ دەکەن، سەرباری ئەوە، سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی ۲۵ی ئه‌م مانگه‌وه‌ خاڵێکی پشکنینی لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردوە و هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتوچۆ بکات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشکنینی ناسنامەکەی ڕێگەی پێدەدرێت کە بڕوات.

دەشڵێت "لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت، لە ناحیەی شیلادزێوە بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی بکێشێت، هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلوک و بامەڕنێ و بێگۆڤادا تێپەڕدەبێت  و بەوەش هەموو گوند و شارەدێ و زنار و زەوی و دۆڵ و خاک و ئاوی پشتی ئەم هێڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادا بێت و ئەگەر هەر پێکدادانێکیش لەم ناوچەیەدا ڕووبدات، ئەوا لە ناو ئاواییەکاندا بێت و شارەدێکانی ئەو ناوچەیە ببنە گۆڕاپانی شەڕ".

روونیشیكردوه‌ته‌وه‌، ئامانجێکی دیكه‌ی تورکیا لەم مانۆڕە سەربازییە، گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیڵادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارایە کە بەمە حکوومەتی هەرێم، ۷۰- ۷۵% سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات، لەهەمان کاتیشدا، ئەم جموجۆڵانە، وەڵامێکن بۆ هێزەکانی پاراستنی سنووری عێراقی کە لەم ساڵدا دەستیان کردوە بە دروستکردنی بارەگای سەربازی بۆ ڕێگرتن لە پێشڕەوییەکانی تورکیا.

کامەران عوسمان دەشڵێت: "ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا سەربگرێت، ئەوا بە دەیان گوند و شارەدێ ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بە سەدان گوندنشین و هاوڵاتی مەدەنی ئاوارەدەبن، بەشێکی گرنگی خاکی هەرێمی کوردستان دەچێتە دەستی سوپای تورکیاوە و ئاستەم دەبێت جارێکی دیكه‌ ئەم ناوچانە بخرێنەوە ژێر ڕکێفی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی".

News Code 223720

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha