بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردنە لەگەڵ حیزبەکان، بۆ دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردن.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، بەشێک لە داواکارییەکانی پارتی دەربارەی هەڵبژاردن جێبەجێ بوون.
لەبەرامبەردا زیرەک کەمال، ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت، لە بەرنامەى سەرۆکی هەرێمی كوردستاندایە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بۆ دیاری کردنى وادەى نوێی هەڵبژاردن بکات، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمى هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنەکان.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و حیزب و بەربژێری پێکهاتەکان و بەربژێری سەربەخۆی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەكو 24ـی حوزەیران درێژکردووەتەوە.
هەرچەندە کۆمیسیۆن ڕۆژی 5ـی ئەیلولی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازکردووە، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەكوو ئێستا وادەی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاریی نەکردووە.
Your Comment