بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاوە مەحموود، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "ڕەنگە سەرۆکایەتی هەرێم نوێنەر بنێرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان و پێم وانییە هەموو لایەنەکان بەشداربن، چوونکە لایەنەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەرپرسیارێتی دواخستنی لە ئەستۆ ناگرن، بەڵام ڕەنگە سەرۆکایەتی هەرێم وادەیەکی نوێی هەڵبژاردن بەلایەنەکان ڕابگەیەنێت".
بڕیاربوو ۱۰ی ۶ی ۲۰۲۴، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کردنی لەو هەڵبژاردنەدا ڕەت دەکردەوە، بەڵام سکاڵایەکی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ڕاگرت.
لەئێستادا سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی دیاری کردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە، چاوەڕوان دەکرێت پڕۆسەکە لە مانگی ۱۰ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پێیوایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕایوایە لایەنە دەسەڵاتدارەکان ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا دەوێت.
کاوە مەحمود دەڵێت، "لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن، تا زەمینەی لەبارتر بۆ هەڵبژاردن بڕەخسێنن، هەڵبژاردن لەمکاتەدا ڕەنگە لەبەرژەوەندەی هێزە دەسەڵاتدارەکان نەبێت، بۆیە هەوڵدەدەن دوایبخەن تا کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکەن".
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە (خ/۲۴/ر.م/۸۲) لەبەرواری ۲۸ ی پێنجی ۲۰۲۴ کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردوە، داوای دیاریکردنی وادەی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردوە و پێشنیاری کردبو لە ڕۆژی ۵ی مانگی ۹ی ئەمساڵ پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بەوەی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا چی پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە، کاوە مەحمود وتی، "کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕەنگە بەشێکی هۆکارەکەی بەغدا بێت و هەنگاو نان بێت بەرەو دەوڵەتی ناوەندی ڕەهاو باوەڕنەبون بە فیدڕاڵییەت بێت، بەڵام ئێستا زەمینەیەک دروستبوە موچە ناڕەزایەتی لێکەوتوەتەوە و هەڵبژاردن لەم هەل و مەرجە لەبەرژەوەندی دەسەڵات نییە".
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان وتیشی: "ڕەنگە دەسەڵات بیەوێت شتێک بکات زەمینە لەبارتر بێت بۆ هەڵبژاردن، بەتایبەت لە مەسەلەی موچە و بودجە".
دیاری نەکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەکانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، پێشتر زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانانیان ڕادەستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردبو، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
ڕۆژی ۲۰ی پێنجی ۲۰۲۴، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا پێنج کورسی لەکۆی ۱۰۰ کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دابنرێت، بەشێوەیەک کورسییەکی ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسی تورکمان و کریستییان بۆ هەولێر، دوو کورسی تورکمان و کریستییان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.
Your Comment