دادگای فیدراڵی عێراق ڕەونەقەکەی جارانی لەدەست‌داوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەوان "شەڕی بە وەکالەت قبووڵ ناکەن" و پێیوایە ئەو شەڕەی هەندێک لە پێکهاتەکان دەیکەن، شەڕی پارتییە دژی یەکێتی و دەشڵێت، "ئەم شەڕە بۆ بە شاگرد بکرێت، با وەستا بێت و بەیەکەوە دابنیشین."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕووداوی ڕایگەیاند: "لە سەرەتاوە ئێمە لەگەڵ ئەو کاتە بووین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن دیاریکردبوو، ئەو بڕیارەش کە دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نەهێشتنی کورسییەکان دەریکرد، داخوازیی ئێمە نەبوو".

لەبارەی بڕیاری گەڕانەوەی کورسیی پێکهاتەکان و راگرتنی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، "ئەو بڕیارانەش کە لەم دواییانەدا لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دەرچوون، لای ئێمە رێزیان لێ دەگیرێت، بەڵام لە سەرەتاوە دەگوترا بڕیارەکانی ئەم دادگایە کۆتا بڕیارە و جێی گۆڕین نییە، دواتر بینیمان ئەم گۆڕانکارییانەی بەسەردا هات".

وتەبێژی یەکێتی زیاتر روونی دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو رەونەقەی لە سەرەتاوە لەم دادگەیە هەبوو کە بڕیارەکانی کۆتایین، بەم گۆڕانکارییانەی کەمێک لەو رەونەقەی لەدەستدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە رێز لە بڕیارەکانی پێشوو و ئێستای دەگرین".

لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی بەرامبەر گەڕانەوەی 5 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، "ئێمە رێز لەو بڕیارە دەگرین و چاوەڕێین رێنوێنییەکان دەربچن بۆئەوەی بزانین بە چ شێوەیەک جێبەجێ دەکرێت، هەر بڕیارێکی لەسەر بدرێت، یەکێتیی نیشتمانی پابەند دەبێت بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی".

بە وتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، "کێشەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان کێشەی پێکهاتەکان نییە، واتە پێکهاتەکان پرسێک نین بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوان بە بڕیارێکی خۆمان لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە پەرلەمان، جا خراپ بەکاریانهێنابن یان نا، خۆ بڕیاری ئەو نەتەوە یان پێکهاتانە نییە، ئەوەی روویدا بوو بە مێژوو و با لە داهاتوودا ئەزموون وەربگرین، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی شەڕی نێوان دوو هێزی گەورەن و قەبارەکە لەئاست پێکهاتەکان نییە ببن بە بەشێک لەو شەڕە".

لەبارەی دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا، وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "ئەو دابەشکردنە بۆ ئەوەیە خراپ بەکارهێنانی ئەو کورسیانە نەمێنێت و پێکهاتەکانی پارێزگاکانی دیکەش بێبەش نەبن. پێموایە هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر یەکێتی بۆ ئەم بابەتە تۆمەتبار بکەن، کاتێک یەکێتی هەوڵی دەدا ئەوان کورسییان هەبێت و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیرییان هەبێت، بارودۆخەکەیان بە جۆرێکی دیکە بوو، بۆیە لەم رۆژانەدا لەگەڵ پێکهاتەکان کۆدەبینەوە و لە دانیشتنێکی دۆستانەدا بەبیریان دەهێنینەوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە پارتی لە رێگەی بەشێک لە پێکهاتەکانەوە شەڕی بە وەکالەتیان لەگەڵ دەکات و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "ئێمە و پارتی دوو لایەنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانین، ئێمە شەڕی بە وەکالەت قبووڵ ناکەین، ئەو شەڕەی هەندێک لە پێکهاتەکان دەیکەن، شەڕی پارتییە دژی یەکێتی و ئەوان بە وەکالەت بەکاردەهێنن، بەڵام ئەم شەڕە بۆ بە شاگرد بکرێت، با وەستا بێت و بەیەکەوە دابنیشین".

لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "دەرگای دانیشتنمان لەسەر هیچ هێزێکی سیاسی دانەخستووە، یەکێتی و پارتی دوو هێزی سەرەکین، نە بەبێ ئەوان هەڵبژاردن دەکرێت و نە بەبێ یەکێتیش هەڵبژاردن دەکرێت، ماقوڵە نەتوانین بەیەکەوە دابنیشین و باسی هەڵبژاردن بکەین؟!".

بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە پێشنیاز دەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان راوێژ بە لایەنە سیاسییەکان و لە سەرووی هەموانەوە یەکێتی و پارتی بکات، "بۆئەوەی مەرسوومەکەی ئەمجارەش بە دەردی مەرسوومەکانی دیکە نەچێت".

News Code 223587

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha