لە ۸۵۶ بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ۴۲۰ کەسیان بڕوانامەیان نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردەوە لە ۸۵۶ بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ۴۲۰یان بڕوانامەیان نییە.

فارووق ڕەفیق، نووسەر و رووناکبیر دەڵێت: "راستەوخۆ کەسێک نانێریت بۆ پەرلەمان، ئەزموونی دەکەیت. بۆ نموونە، من لە گەڕەکێکی دیاریکراوم و دەمەوێت بەختی خۆم لە سیاسەتدا تاقیبکەمەوە، دێم لە ئەنجوومەنی گەڕەکەکەدا خۆم هەڵدەبژێرم، خەڵکی گەڕەکەکەش بەرپرسم دەکەن لە لەئەستۆگرتنی چارەسەری کێشەیەک، ئیدی کێشەکە ئاوە یان کارەبا یان هەر شتێک، دواتر لەوێوە دەچیت بۆ ئەنجوومەنێکی لەوە گەورەتر کە ئەنجوومەنی ناوچەییە، دواتر دەچیت بۆ شارەوانی، لە شارەوانییەوە هەموو ئەمانە بوون بە ئەزموون، کە هاتیت ناڵێیت بڕوانامەکەت چییە، من لەگەڵ ئەوەدا نیم بابەتەکە پرسی بڕوانامە بێت، پرسیارەکە ئەوەیە کە تۆ چیت کردووە بۆ ئەم جڤاتە؟"

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا ۴۰۶ یاسا دەرکراون، ۱۳۶ یاسایان هەڵوەشاونەتەوە یان کاریان پێناکرێت، ۲۰یان جێبەجێ نەکراون؛ ۲۷۷ یاسا پێشێلکراون یان وەکو پێویست جێبەجێ نەکراون و ئەوانەشی وەکو خۆیان جێبەجێ کراون ۲۳ یاسان.

سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستیتیوتی پەی دەڵێت، "لە ساڵی ۱۹۹۲ەوە تاوەکو ئێستا دەبوایە نۆ خوولی پەرلەمان هەڵبژاردنی بۆ بکرابووایە، ئێستا دەبوایە خوولی نۆیەم دەستبەکار بووایە، بەڵام تائێستا هێشتا هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەم نەکراوە و ناشزانین کەی دەکرێت".

بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ۸۵۶ کەس کە خۆیان بۆ پەرلەمانی داهاتووی کوردستان بەربژێر کردووە، ۴۲۰یان هیچ بڕوانامەیەکیان نییە و تەنیا دەتوانن بنووسن و بخوێننەوە.

عومەر نوورەدینی، ئەندامی خوولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "لە پەیڕەوی ناوخۆی هیچ حیزبێکی سیاسیدا باسی ئەوە ناکرێت کە بەربژێربوون چۆنە بۆ پەرلەمان، پێوەرەکانی چین، دەبێت چۆن راهێنانیان پێبکرێت و کەی پرۆسەی بەربژێربوونەکەیان دەکرێت".

خوێندکارانی زانکۆ میوانی بەرنامەکە بوون و پرسیار و سەرەنجەکانیان لەبەرەی تەوەرەکەوە خستەڕوو.

خوێندکارێک گوتی، "پێویستە بەڵێنێک بدات کە بۆ ئێمە بگونجێت، نەک شتێک کە لە سەروو هەورەکانەوە بیبینیت." خوێندکارێکی دیکەش پرسیاری کرد، "ئایا پێویست ناکات حیزبە سیاسییەکان ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کەوا شارەزاییان لە یاسا و دەستوور هەیە؟

عومەر نوورەدینی گوتی، "ئەو کەسانەی کە بەربژێر دەکرێن، پێویستە ئەزموونیان هەبێت و لێوەشاوە بن، لەڕاستیدا پەرلەمان شوێنی قسەکردنە، دەبێت کەسەکە توانای قسەکردنی هەبێت، پێشنیار و گفتوگۆی لۆجیکیی هەبێت، بتوانێت وەڵام بداتەوە لەناو پەرلەمان و میدیا و سۆشیاڵ میدیا و لە پەیوەندی لەگەڵ هاووڵاتیی و دەنگدەرەکەی خۆیدا."

تاوەکو ئەمڕۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی و پێشنیازی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

News Code 223708

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha