تورکیا بەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکا و ڕووسیا ناتوانێت هێرش بکاتە سەر کوردستانی سووریا

بەشی سووریا- ڕۆهیلات ئەفرین ئەندامی فەرماندەیی گشتیی YPJ سەبارەت بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دژی ناوچەکانیان ڕایگەیاند: "تورکیا ناتوانێت هێرشی زەمینی ئەنجام بدات بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕووسیا".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەفتەی ڕابردوو ڕەجەی تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشی زەمینیی بۆ سەر کوردستانی سووریا کرد.  هەر لەو هەفتەیەدا ئەنجومەنی گشتیی هەسەدە بە بەشداری فەرماندەی گشتی  کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنەی ئەنجامدا و پرسی هێرشەکانی تورکیا تاوتوێ کرا.

ڕۆهیلات ئەفرین ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، ئەگەری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریای بۆ ئاژانسی شارپرێس هەڵسەنگاند.

لە سەرەتای قسەکانیدا، ڕۆهیلات ئەفرین ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی هەسەدە گفتوگۆی بەرفراوان کراوە و باس لەوە کرا کە بە پڕۆسەیەکی زۆر هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕن، چوونکە هەموو جیهان و بە تایبەتی ناوچەکە لە قەیراندایە. دوای شکستی ئەردۆغان لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەیەوێت چارەسەرێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە و بۆ ئەمەش هێرش دەکاتە سەر کوردستان و هەمیشە ئەگەری هێرشی وشکانی هەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا تورکیا دەتوانێت بە تەنیا هێرش بکاتە سەر کوردستانی سووریا؟" ناوبراو گوتی، "بەبێ ڕووسیا و ئەمریکا، تورکیا هێرشی زەمینی ئەنجام بدات، سەرکەوتوو نابێت، لە دیدارەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا، ئەم بابەتەمان لەگەڵیان تاوتوێ کردن، ئەوانیش دەڵێن ئەگەر هێرشی زەمینی لەلایەن تورکیاوە ڕووبدات، داعش دووبارە دەردەکەون و ئێستا چەکدارەکانی داعش لە زیندانەکان، دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر هەموو جیهان، لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ڕووسیا و ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژاڤای کوردستان."

سەبارەت بە هەمان پرس، ڕۆهیلات عەفرین داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و ڕووسیا کرد کە ڕێگری لە تورکیا بکەن لە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی و لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئێستای تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕابگرن.

ئەو ئەندامەی فەرماندەیی گشتی YPJ،  لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا ئاشکرای کرد کە لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەگەری تورکیا، ئەوان وەک هێزە سەربازییەکانی (SDF و YPJ) ڕێوشوێنی گەورەیان هەیە و ڕایگەیاند کە ناتوانن زیاتر ئارام بگرن بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و ڕێوشوێنی خۆپارێزییان هەیە.

News Code 223554

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha