بۆچی هەڵبژاردنی کوردەکانی سووریا دواخرا؟

بەشی جیهان- ژمارەیەک لە شرۆڤەکارنی پرسەکانی تورکیا و کوردانی سووریا بڕوایان وایە کە هەڕەشەکانی تورکیا و نیگەرانیی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی دواخستنی هەڵبژاردن لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیی کوردەکان پاش تێپەڕاندنی «گرێبەستی کۆمەڵایەتی» لە چەند مانگ پێش ئێستادا بڕیار بوو 4 ڕۆژی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەببات. ئەم بڕیارەی کوردەکان کاردانەوەیی نەرێنیی تورکیای لێکەوتەوە.

تورکیا، ئەمریکا، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و مەسیحیە کاتۆلیکەکانی دانیشتووی باکووری سووریا نەیارە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی ئەم هەڵبژاردنە بوون. بەڵام ئەنقەرە وێڕای ڕاگەیاندنی دژایەتیی خۆی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەم هەڵبژاردنە، هۆشداریی دا لەبارەی پاشهاتەکانی ئەم هەنگاوەی کوردەکانی سووریا کە یەک لەوانە هێرشی سەربازی بوو.

شرۆڤەکارانی پرسەکانی سووریا، تورکیا و کوردەکان بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لەلایەن کوردەکانی سووریاوە خستۆتەڕوو. ئەمبەرین زەمان شرۆڤەکاری پرسی کورد و بابەتی تورکیا لە یادداشتێکدا کە گۆڤاری مۆنیتۆر بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێت: هۆکاری سەرەکیی دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە دژایەتیی ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنە بوو.

فابریس باڵانش شرۆڤەکاری پرسەکانی سووریا لەبارەی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی کوردستانی سووریا بە voaی ڕاگەیاند: کوردەکانی سووریا دەیانەوێت ڕەوایی سیاسی زیاتر بەدەست بێنن تا لە بارودۆخێکی هەموارتردا ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەبەرن.

هەروەها ئەسلی ئایدین تاش باش، شرۆڤەکاری پرسی کورد لە پەیمانگای برووکینگز لەو بڕوایەدایە کە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەلایەن کوردەکانی سووریاوە هەڕەشەیە لەسەر پڕۆسەی باشتر بوونی پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئەنقەرە، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە دەیتوانی کاریگەریی نەرێنیی ببێت لەسەر پێوەندییەکانی ئەمریکا وەکوو هاوپەیمانی سەرەکیی کوردەکانی سووریا و؛ تورکیا وەکوو دوژمنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی. بۆیە بەهۆی دژایەتیی ئەمریکاوە لەئێستادا بەڕێوەبردنی ئەم هەڵبژاردنە هەڵوەشێندراوەتەوە.

News Code 223631

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha