بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سوپای تورکیا ڕۆژی ههینی شارەکانی تل حەمیس، تل کۆچەر و عامودێ سەر بە کانتۆنی جزیرەی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا چوار شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات گیانیان لهدهستدا و 11 هاوڵاتی مەدەنیش برینداربن.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا له ڕاگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "ئەم هێرشە تاوانێکی دیكهی دەوڵەتی تورکیایه و درێژەدان بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و گەمارۆدانی هەرێمەکانە، ئامانج لەم هێرشانە تێکشکاندنی ئیرادەی گەل و تێکۆشانی دیموکراسییە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بە چڕکردنەوەی هێرشەکان بە تایبەت لە کاتی ئەنجامدانی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دراوە، تیایدا هاتووه، "ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە پێکهاتەکانی هەرێمەکە و گەلەکەمان بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیموکراتیک بۆ پێشکەوتنی زیاتر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی دیموکراتیک دەکەن، ئەم هێرشە کارێکی هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کار و چالاکییەکانی جێبەجێکردنی دیموکراسی و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگا لە سووریا".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بە توندی هێرشەکان شەرمەزار کراوە و دەوترێت، "بە ئامانجی جێبەجێکردنی چاوەڕوانییەکانی گەل ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، هەمو ئەو تۆمەتانەی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان دەدرێت، تۆڵەسەندنەوەن و ئامانجیان ڕێگریکردنە لە هەڵبژاردنەکەن، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەڵبژاردنانە بۆمسۆگەر کردنی دیموکراسی ڕاستەقینە لە سوریا، هەنگاوێکی جددییه".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە گەلانی هەرێمەکان کراوە کە هاودەنگی خۆیان لە دژ بە سیاسەتە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیا پەرەپێبدەن و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.
Your Comment