بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی له پهرلهمانی عێراق له ڕاگهیهندراوێکدا باسی لهوهکردوه: "لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، بۆ یەکەمینجار دوای ۱۰ ساڵ لە بێبەشکردنیان لە مووچەکانیان لە لایەن بەغداوە، لە ماوەیەکی کەمدا مووچەخۆرانی کوردستان دوو مووچەیان بۆ نێردرا، ئەمەش هەنگاوێکی دڵخۆشکەرانە بوو نەک هەر بۆ خەڵکی کوردستان و دۆستانمان لە عێراق، بگرە لە ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی هەبوو، هەروەک قسەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پشتیوانی کردنی لە ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان".
ناوبراو ئاماژهی بهوهشکردووه، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، هەست بە چڕبوونەوەی هەوڵی هەندێک لایەنی ناوخۆیی دەکەین لەوانەی چارەنووس و ئاییندەی خۆیان لە خراپیی دۆخی خەڵک دەبیننەوە و حەز دەکەن خەڵکی هەرێمی کوردستان بێمووچە بێت! "ئەو لایەنانە لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانیانەوە فشار دەکەن و دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە گوایە دیسان بابەتی تەوتین هاتووهتەوە بەرباس و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە مووچەخۆرانی کوردستان تووشی دڵەڕاوکێ بکەن و دیسان بازاڕ بشڵەژێننەوە! بە چاوی خۆشمان دەبینین ئەم لایەنانە و پەرلەمانتارەکانیان ڕۆژانە شان بە شانی کەسانێکی شۆڤێنی، هانی دروستکردنەوەی ئەم کێشەیە دەدەن!".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دهڵێت: "ڕێککەوتنەکەی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی مووچە لەم کاتەدا چارەسەرێکی گونجاوە و ناکرێ بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسکی هەندێک کەس و لایەن، باشترە پاشان هەنگاو بەرەو ئەوە بنرێت کە لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من)دا تەوتینی مووچەخۆران بکرێت و کێشەی مووچە بە یەکجارەکی چارەسەر بکرێت، بەهۆی ئەوەی هەژماری من دژی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نییە، هەروەک هادی عامریش رایگەیاند، لە تەوتینەکەی عێراقیشدا بانکی ئەهلی هەن و بەشدارن".
دهشڵێت: "هیوادارین هەموو لایەنەکان لە کوردستان، بەرژەوەندیی خەڵکی بە گشتی و موچەخۆران بە تایبەتی، لەبەرچاو بگرن، واز لەوەبێنن رۆژێک لە ڕێگەی دەستەی جێگومانەوە واژۆی ساختە بێننە بەغدا و جارێکی دیکه لە ڕێی پەرلەمانتارەکانیان لە لیژنەی دارایی داوای سەیر و سەمەرە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن، لێرەشەوە پێیان دەڵێم، لەوە دڵنیابن کە ئەگەر بەو خۆچەماندنەوەیەی ئێوە بوایە، بەغدا مووچەیەکی بۆ مووچەخۆران نەدەنارد!".
Your Comment