کوردپرێس: لە ئاڵۆزترین وەرزی جیۆپۆلۆتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی چارەنووسساز لەنێو تۆفانی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و گۆڕانکاریی ناوچەکە، لە سەروبەندی هەڵبژاردنێکی مێژووییدایە. لە حاڵێکدا کە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم لە دۆخێکی لێڵ و نادیاردایە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا گەیشتۆتە بنبەست، شرۆڤەی ڕەخنەگرانەی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دیبلۆماسیی هەرێمی و داهاتووی کوردەکان، چەندین پرسیاری جیددی لەبارەی داهاتوو و دێنێتە ئاراوە. ئایا کوردستان لە سەروبەندی دەرفەتێکی مێژووییدایە یان دەکەوێتە داوی سیاسەتە گەورەترەکانەوە؟
پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم: دواخستنی ستراتێژیک پێش هەڵبژاردنی عێراق
پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە مەتەڵێکی سیاسی، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات ئایندەی هەرێمدا تووشی ناڕوونی کردووە و ئەگەری هەیە کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان هەبێت. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەکرێت ئەم دوا خستنە وەک ستراتیژێک بۆ بەدەستهێنانی پێگەیێکی بەهێزتر لە دانوستانەکانی داهاتوودا لێکبدرێتەوە، بەڵام مەترسی تێکدانی یەکڕیزی ناوخۆیی و لەدەستدانی دەرفەتە ناوچەییەکانیش هەیە. پێشهاتە خێراکانی تورکیا و سووریا، هەر لە دانوستانەکانی کوردی- تورکی تا بەشداریی کورد لە حکوومەتی نوێی سووریا لە دیمەشق، هەرێمی کوردستانی کردۆتە جەمسەرێکی ناوچەیی بۆ کوردەکان، بەڵام ئەم پێگەیە پێویستی بە سەرکردایەتییێکی یەکگرتوو و یەکدەنگ هەیە. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت دەتوانێت ستراتیژیێکی دیپلۆماسی بێت یان نیشانەی لاوازی یەکڕیزی کورد؟ هاوکات پێشهاتە خێراکانی تورکیا و سووریا گوشاری زیاتر دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی هەرێم وەکوو "ناوەندی میحوری کوردەکان" بەرجستەتر دەکات.
سەعدی ئەحمەد پیرە لەمبارەوە دەڵێت: گفتوگۆکانی ئێمە و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت بەردەوامن، ئێمە لەسەرێکیان ئەوەیە کە هەردوومان ڕازین لەسەر ئەوەی کە ئێمە شەریکی یەکتر بین بەڵام لە کاتی دابەش کردنی پۆستەکان ئەو پۆستانەی کە پارتی دەیەوێت پۆستی شەراکەت نییە پۆستی حاکمیەتە و یەکێتیش حاکمیەتی موشتەرەکی قبووڵە بەڵام حاکمیەتی کەسی تری قبووڵ نییە و ئەمەش کێشەیێکە کە ئومێد دەکەین لە ماوەیێکی کورتدا بتوانین بگەینە ئەنجامێکی باشتر.
تەسەور دەکەم هەردوولا زیاتر خەریکی ئەوەن کە پشنیاری گونجاوتر بۆ بەرنامەی پێکەوە حوکمڕانی کردن بدۆزنەوە و کە بەرنامەیێک بێت کە هەروولا ڕازی بکا. تا ئەو کاتەی بەرمامەیێک نەبێت کە هەردوولامان ڕازی بکات بێهوودەیە کە ئێمە باسی و بڵێین بەڵێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەتی نوێنەرانی عێراق دەبێت پێکبهێنرێت، ئەگەر تا ئەو کاتە دروست بێت زۆر گرینگە چوونکە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەتەنیا نییە چوونکە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش. ئێستا لە باکوور بۆ یەکەمجارە کە گۆڕانکاریێکی گەورە هاتووە ئینکار کردنی وجوودی کوردی نەماوە بەڵکوو باس لە گفتوگۆی نێوان کورد و حکوومەتی تورکیا دەکرێت و ئەم گۆڕانکاریەش گرینگە، گۆڕانکاری لە ڕۆژاوا پاش نەمانی بەشار ئەسەد و قبووڵ کردنی کورد وەکوو هاووڵاتیێکی ڕەسەن و هەروەها ئومێدی ئەوەش دەکرێت لە داهاتوودا کورد بەشداریێکی فەعال بکات لە حکوومەتی سووریا.
من پێم وایە ئەم دوو گۆڕانکارییە دوو گۆڕانکاریی گەورەن، هەرێمی کوردستانیش وەکوو قیبلە وایە بۆ پارچەکانی تری کوردستان، هەروەها دەتوانێت لە خزمەتی ڕۆژهەڵاتیش بێت ئەگەر گۆڕانکاریێکی چاوەڕوانکراو ببێت. بۆیە من پێم وایە ئەم حکوومەتە چالاکەی کە پێویستە ببێت و ئەم پەرلەمانە پتەوەی کە پێویستە لە کاردا بێت بۆ ئێستا هەموو پارچەکانی کوردستان گرینگە بۆ بە ئاشتی چارەسەر کردنی کێشەکانیان.
درێژەی گرژییەکان لەسەر بوودجە و هەناردەی نەوتی هەرێم. ئایا ئەگەری هەیە کە مەترسی لەسەر سیستەمی فیدراڵی عێراق دروست بکات؟
ئەوەی پەیوەندیی بە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بێت ئێمە و پارتی لە ڕابردوویش و ئێستایش جیاوازیمان هەیە لە دیتنی حکوومەتی عێراق. ئێمە ناتوانین لە لایێکەوە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵی شەریک بین و لەگەڵ باقی حزبەکانی عێراق بژین و پێکەوە شەریک بین و وەزیری دەرەوەمان کە سیاسەتی وڵات ڕەسم ئەکات و سەرۆک کۆمارمان هەبێت کە بەرزترین پۆستە لە عێراقدا و وەزیری فەعالمان هەبێت لە ناو حکوومەتەکەی عێراق و لەهەمانکاتیشدا سوپا بەرامبەری یەکتر ڕابگرین، پێویستە بیر لەمە بکرێتەوە. پێویستە دەستووری عێراق ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و تەفسیریش بەشێوەیێک بکرێت لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە کە لە قازانجی هەردوولا و پتەو کردنی سیستەمی فیدراڵی بێت لە عێراقدا.
سەبارەت بە مەسەلەی مووچە و نەوت و کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لەسەر پرسی نەوت، لە حەقیقەتدا مەلەفی نەوت و وزە و پارە لە عێراق مەلەفێکی زۆر دڕکاوی و پڕ موشکیلەیە، لەبەر ئەوەی کە ئەو مەسەلەیە چەندین جار لەنێوان وەزارەتی نەوت و مالیە لەلایەن ئحکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی مالیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وای لێهاتووە کەنەوعێک لە ناحەزی دروست بووە لە نێوانیاندا، واتا ناڵێم دوژمنداری بەڵام شتێک نزیکی دوژمندارییە لەنێوانیاندا. بۆیە تەسەور دەکەم لەبەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ مەجالێکی دیکە نەماوە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕوای بە حکوومەتی فیدراڵ نەبێت و حکوومەتی فیدراڵیش بڕوای بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت، من ناچمە ناو وردەکارییەکان کە خیلافاتەکان چۆنە، بەڵام عەمەلیەن متمانە بە یەکتری نەماوە نە وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق متمانەی بە هەرێمی کوردستان ماوە نە هەرێمی کوردستانیش بڕوا و متمانەی بەوان ماوە. بۆیە ئەو کێشەیە دەبێت لە ڕێگای دەستوور چارەسەر بکرێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەپێی مادەی ۹۳ بڕگەی ۴، قەراراتێکن کە بڕیارەکانیان بڕیاری قابیلی ئیستیناف و جێبەجێ نەکردن نییە بەڵکوو دەبێت جێبەجێ بکرێت. ئەو قەرارەی کە لە مەحکەمەی دەستووری هەیە قەراری ژمارە ۲۲۴ کە مەحکەمەی دەستووری لەسەر جیاکردنەوەی مووچە و کێشەکانی هەرێم داویێتی کە مووچەی هاووڵاتی لە هەرێم کوردستان ناکرێت ڕێگای لێبگریردرێت لەبەر ئەوەی کێشە لەنێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ هەیە. جارێکتر دەڵێمەوە من ناچمە ناو تەفاسیلی کێشەکە چوونکە دوور و درێژە و کاتی دەوێت و لە هەمانکاتیشدا ئەو بڕیارانەی تەواوی کە قەراری مەحکەمەی دەستووری بەتایبەت ۲۶۹ لە ۲۱ی ۲ی ۲۰۲۴ داویە قەرارێکە کە مووچەی هاووڵاتی جیاکراوەتەوە.
ئێستا کە ئێمە لە کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران چاترەسەر ناکرێت. چوونکە ڕاستە کە لە ئەنجومەنی نێونەران دوو مادەی دەستووریمان هەیە مادەی ۱۱۱ و مادەی ۱۱۲ کە پەیوەندییان بە نەوتەوە هەیە مادەی ۱۱۲ مادەیێکە کە پێویستی بە یاسا هەیە واتا بە یاسا چارسەر دەکرێت و هەرێمی کوردستان ۶۰ ئەندامی هەیە لە مەجمووعی ۳۰۰ و شتێک ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆیە ئەم ۶۰ ئەندامە ناتوانێت قانوون و یاسایێک لە پەرلەمان دەربکات، پێویستە لایەنەکانی تر هاوکاری بکەن و لە ئێستادا لایەنەکانی تر هاوکارییان نەکردووە لە دەرچواندنی یاسایێک ئەنجومەنی نوێنەران بۆ جێبەجێ کردنی مادەکانی ۱۱۱ و ۱۱۲، دیارە ئەو لایەنانە پێیان خۆشە هەر یاساکانی سەردەمی سەدام حوسێن جێبەجێ بکەن ئەمەش شتێکی خراپە پێویستە ئەوان هاوکاریی کورد بکەن بۆ پەسەند کردنی یاسایێک یان خود ڕێگەیێک بە کورد بدرێت سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت و کێشەکانی پێچارەسەر بکات.
من ناڵێم کە نەوت لە هەرێم کوردستان دەفرۆشن بە نرخێکی باش دەیفرۆشن، نەخێر زەرەری تێدا هەیە بەڵام حکوومەتی عێراق پێویستە یاساکانی وەکوو پێویست جێبەجێ بکات و ئەو یاسایە نەتەنها لەسەر هاووڵاتی بەڵکوو لەسەر وەزارەتی دارایی عێراقیش جێبەجێی بکات کە هاووڵاتی ناچار نابێت و ئەو کاتە لەبەردەم حکوومەتی هەرێم ڕووناکیی زیاتر دەکەوێتە سەر مەلەفەکە و کێشەکە چارەسەر دەبێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانە لەمەسەلەی بڕینی مووچە و داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەگشتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات کە هەولبدەین خۆمان لە هەڵوێست و وتاری توندوتیژ کە بەشێوەیێک کێشەکە ئاڵۆزتر بکات دوور بگرین و ڕێگا بدەین دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆ چارەسەر بکەن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەوشێوەی هاووڵاتی چاوەڕێیەتی.
گرینگە ڕێز لە سنوورەکان و سەروەریی وڵاتان بگیردرێت
هەرێمی کوردستان لە حدوودی ۵۰۰ تا ۶۰۰ کیلۆمەتر لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران سنووری لەگەڵ هەیە، ۳۸۰ کیلۆمەتر لەگەڵ کۆماری تورکیا و لەگەڵ سووراش سنووری هەیە. پێشتر تورکیا ئەو سنوورانەی دەبەزاند و ئێستاش دەیبەزێنێت بەسوود وەرگرتن لە کێشەکانیان لەگەڵ پەکەکە کە وەکوو هۆکار بەکاری دێنێت، بەڵام ئێستا پاش ئەو گۆڕانکارییە کە لە باکوورەوە هاتووە و بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە ئەو کێشە وردە وردە بەرەو کۆتایی دەڕوات. ئەوەی کە دەمێنێت سنووری ئێمە لەگەڵ ئێرانە کە زیاتر لە ۶۰۰ کیلۆمەترە لە مەجمووعی ۱۴۰۰ کیلۆمەتر کە عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو سنوورەش زۆر جار بەکار دەهێنرێت هەم لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانەوە وەکوو هۆکار و هەم جاروبار بۆ شتهایێکی دیکە. ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا وڵاتانی دەوروبەر کە جیرانی هەرێمی کوردستانن بە قەدەر هەرێمی کوردستان ڕێز لە سنوورەکان دەگرن؟ نەخێر، نەوەڵا ئەوان ڕێز لە سنوورەکان ناگرن، پێویستە وەکوو دەڵێن «پێش ئەوەی دەرزیێک بکێشن لە لەشی ئێمە سووزنێک بە لەشی خۆیاندا بکێشن» ئەوان خۆیانن کە سنوورەکان بریندار دەکەن و چاوەڕێی کاردانەوەن، هەرێمی کوردستان تا ئێستا تەحەمولی کردووە ئەو مەوزووعە کۆتایی پێبهێنێت.
ئێران، چەتری ڕووخاندنی سەدام، پاڵپشت و کلیلی گۆڕانکاری لە کوردستان
ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێمە وڵاتانی دەروبەرمان بێت، ئێمە جیرانێکمان کە تەداخول لە کاروباری عێراق دەکات تەنها یەک جیرانە ئەوەش جیرانی ڕۆژهەڵاتە، جیرانی ڕۆژهەڵات لە ڕابردوودا چەترێک و پەناگەیێک بووە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و بەشداری کردووە لەگەڵ عێراقییەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن. ئەوەی کە پەیوەندیی بە دەستووری کاری عێراق و ئیدارەدانی وڵاتی عێراقە لە چوارچێوەی دەستوور کێشەیێک نییە. بەڵام پێویستە ئێمە لەسەر مەسەلەی چەک کە بەدەست چ کەسێکەوە بێت لەچوارچێوەی دەستوور بین و لەدەرەوەی دەستوور نابێت هیچ بڕیارێک بۆ ئاشتی یا شەڕ بدرێت و حکوومەت و ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن ئەو بڕیارە پشتڕاست بکەنەوە. ئەمن پێموایە بە گفتوگۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو مەسەلانە وردە وردە دەڕوات و چاوەڕوان دەکرێت کە ئەمریکا سەیری ئێران دەکات و وەکوو ئاسیا و سەیری ئێرانی ژیۆپۆلۆتیک دەکات و هەروەها هەوڵی ئەوە دەدات کە لە ئایندەی عێراق مەساحەیێک لە ڕووی ئەدەبییەوە بێڵێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە کاروباری عێراق ڕای هەبێت و ئەو گرنگە و پێم وایە کێشەکان چارەسەر دەکات.
هەرێمی کوردستان بەگشتی و یەکێتیی نیشتمانی بە تابەتی بە دڵنیاییەوە پەیوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران باش بووە و هەروەها بەرز دەینرخێن. کۆماری ئیسلامی لە قۆناغە جیاجیاکاندا هەر لە سەردەمی سەدام حوسێن پشتیوانیی هەرێمیان کردووە و هەروەها دوا سەدام لە ئاستەنگە ئابوورییەکان یارمەتیان داوە هەروەها لە زەمانی هاتنی داعش بەرەو هەرێمی کوردستان کۆمەکیان کردووە، من پێم وایە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەمانەی لەبیر ناچێت.
سەردانی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاوێک بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان
هاتنی پارێزگارەکانی هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر و دهۆک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگارەکانی هاوسنوور و هەروەها لەگەڵ بەرێز پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆناری ئیسلامیی ئێران لای خۆمان بەرز دەنرخێنێن چوونکە ئەو پەیوەندییانە لە ئاستی پارێزگار و قایمقام و مودیر ناحییەکان دەبێتە هۆی پەیوەندیی نێوان خەڵکەکەیش، ناکرێت ئەو پەیوەندییانە لە سەرەوە بەشێوەیێکی فەرمی سنووردار بکرێت و نەگاتە هاووڵاتییەکان، هیوادارم ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بن و ئێمەش بەرز دەینرخێنین. هاتنەوەی پارێزگارەکان و قسە کردنیان لەسەر بابەتەکە دەریخست کە ڕازی بوون لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان.
تۆفانی ژیۆپۆلۆتیک: کوردستان لە ناوەڕاستی گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا
بەنسبەت گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دونیا خێرا دەڕوات و پشکی کورد لەم گۆڕانکارییانەدا لە سڕەی یەکەمدایە. ئێمە پێمانوایە گۆڕانکاری لەوە گەورەتر چی دەبێت، زۆری ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان کرد لە ڕێککەوتننامە گرینگەکانی دونیا وەکوو ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ و ئەوانەی تر کە بەرپرسن لە دابەش کردنی مەنتیقە بەپێی سیاسەتی خۆیان و بەرژەوەندیی خۆیان، ئەوڕۆ بەشی زۆری وڵاتانی ئەورووپی باس لەوە دەکەن کە ناحەقیێکی گەورە لە کورد کراوە و پێویستە ئەو مەوزووعە چارەسەر بکرێت. ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان من پێم وایە بە بەهێز کردنی هەرێم کوردستان و پشتگیری کردن لەو پڕۆسانەی کە هەیە لە باکوور و لە ڕۆژاوای کوردستان هەوڵ بدرێت کە سەربخرێت و هەوڵ بدرێت بە هێمنانە و بە دیپلۆماسیەتی هەنگاو بە هەنگاو کە دوور بێت لە توندوتیژی سەر بخرێت. من پێم وایە خۆی لە خۆیدا ئەوەی کە لە سووریا ڕوویداوە و ئەوەی لە تورکیا ڕوویداوە، لە باکووری خاوەنی ئەو پێشنیارەی چارەسەر کردنی کوردە بە ئاشتی دەتوانین لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەوپەڕی خواستی نژادپەرەستەکانی تورکیایە کە ئەمەش گۆڕانکارییێکی گەورەیە. من پێموایە پێویستە ئەوەی پێشتر وەکوو سەبەب دەهێنرایەوە و والی لادەدرا و ئەندام پەرلەمان لادەدرا و بەرپرسی ئیداری حوکم دەدرا و سزا دەدرا و لە جێگەیان قەیوم دادەنرا، هەمووی بە تۆمەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بە پەکەکە هەیە ئێستا کە پەکەکە نەماوە و کۆتایی هات ئەو تۆمەتەش کۆتایی پێدەێت و هیچ کەس بە ناوی ئەو لایەنە سیاسییە تۆمەتبار ناکرێت و من پێم وایە کێشەکە بەشێوەیێکی باش چارەسەر دەکرێت.
ئەوڕۆ لە هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانی گرینگی دەدات بە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بەشداری کردن لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکان کە لە جیهان دەگیردرێت وەکوو داڤۆس و وەکوو میونشێن و زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی تر لە چوارچێوەی سوسیالیست ئینترنەشناڵ و هتد گرنگن. لە کۆبوونەوەی لیبرال دیموکراتەکان لە دونیا کورد بەشداری دەکات ئەمەش گرینگە و ئەمانە هەمووی پێگەی کورد بەهێزتر دەکات و هەروەها سەنگەری کورد بەهێزتر دەکات. من پێموایە ئێمە لەوەش زیاتر ئێمە دەبینین لە چوارچێوەی ئەم عێراقەی کە هەیە پتەوتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پێگەی کورد لە دونیا بەهێزتر دەکات. ئێمە دەبێت دوور بکەوینەوە لەوەی کە سواری قەتارێکی تر بین کە بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ئێمە ناڕوات ئەوڕو لە هەرێمی کوردستان ئەم مەزووعە لە ڕووی سیاسییەوە زۆر موناقیشەی لەسەر دەکرێت و موناقیشەکانیش بە ئاراستەی زۆر ئەرێنی دەڕوات سەرکەوتنیش ئیشەڵا نەسیبی هەموومانە.
پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ڕێزگرتن لە بڕیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان
ئێمە بڕیارەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە بڕیارێکی مێژوویی گرینگ دەزانین و مانەوەی پەکەکە بەو فۆرمەی کە لە پێشدا بووبووبە بەهانە. هەموو کەسێک پاش دەرچوونی لە هەڵبژاردن و بوونی بە والی و بوونی بە ئەندام پەرلەمان هیانووی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەیان پێوە دەگرت و زیندانی دەکرا و لە پۆستەکەی دوور دەخرایەوە، چیدی ئەو بیانووە بەدەست دامودەزگا تایبەتەکانی تورکیاوە نەما کە زیاتر بەرپرسانی کوردی پێسزا بدەن و هیوادارین ئەو هەوڵە بۆ ئاشتی بەشێوەیێکی باش سەر بگرێت ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و وەکوو یەکێتی بەتایبەتی پشتیوانیێکی تەواو لەو پڕۆسەیە دەکەین، هیوادارین سەر بکەوێت و هەموو کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێت.
Your Comment