بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پێشوازی لە ڕێککەوتنی تێکەڵبوونی نێوان "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە - SDF) و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا کردووە و وەک "هەنگاوێکی حەیاتی" بۆ پێکهێنانی سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو وەسفی کردووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بابەتە سەرەکییەکانی وەک مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کوردان و چارەنووسی "یەکینەکانی پاراستنی ژنان" (یەپەژە - YPJ) هێشتا لە بنبەستدا ماونەتەوە.
"هامیش فالکۆنەر" وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا، لە وەڵامی نامەیەکی هاوبەشی زیاتر لە ٧٠ ئەندام پەرلەمان و ئەنجومەنی لۆردانی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی کوردانی سووریا، ڕایگەیاند کە لەندەن بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ڕاگواستنی سیاسی لە سووریادا.
فالکۆنەر ڕێککەوتنی ٣٠ی کانوونی دووەمی نێوان دەیمەشق و هەسەدەی وەک "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە سووریا ناوبرد و گوتی: جێبەجێکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کوردان بۆ یەکەمجار گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هەروەها دەستنیشانکردنی "نوورەدین ئەحمەد" کە بەربژێرێکی جێی متمانەی هەسەدەیە، وەک پارێزگاری حەسەکە، بە نیشانەیەک لە پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دانا.
سەرباری ئەم پشتگیرییانە، ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە لە گۆڤاری "ئامارگی" جەخت لەوە دەکاتەوە کە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بابەتە هەستیارەکان هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەدیوە. لەوانەش:بەفەرمی ناسینی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی کوردان لە دەستووری داهاتووی سووریادا.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر دۆسیەی کوردانی سووریا هێشتا لەسەر بنەمای پاراستنی پێکهاتەی مەرکەزیی دەوڵەتی سووریا داڕێژراوە؛ ئەم ڕوانگەیەش بە کردەوە دژایەتی ئەو مۆدێلە لە خۆبەڕێوەبەری دەکات کە کوردان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، تەنانەت مۆدێلی "هەرێمی کوردستان لە عێراق" وەک بژاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردانی سووریا نەخراوەتە ڕوو.
فالکۆنەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "سووریایەکی سەقامگیر" لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی لەندەن و گەلی سووریادایە و بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پێوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی دەیمەشق بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دەخرێتە ڕوو کە حکوومەتی بەریتانیا لە مانگەکانی ڕابردوودا پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرکردایەتی "ئەحمەد ئەلشەرع" پەرە پێداوە. دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، وڵاتانی ڕۆژاوا پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەیمەشق خێرا کرد و بەریتانیاش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بە فەرمی پێشوازی لە ئەلشەرع کرد.
ڕاپۆرتەکەی ئامارگی ئاماژە بە ڕەخنەکان دەکات بەرامبەر بێدەنگیی لەندەن لە ئاست ئەو توندوتیژییە تایەفییانەی کە دژی عەلەوییەکان لە لازقیە و دروزەکان لە سوەیدا ئەنجام دراون. بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکوومەتی بەریتانیا نەک هەر ئەم هێرشانەی بە ڕوونی ئیدانە نەکردووە، بەڵکو سەبارەت بە فشارخستنە سەر دەیمەشق بۆ گەرەنتییکردنی مافەکانی کوردیش هەڵوێستێکی ڕوونی نەبووە.
لەم چوارچێوەیەدا، پرسی کورد لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیادا بە کردەوە بووەتە پاشکۆی پێوەندییەکانی لەندەن لەگەڵ دەیمەشق و ئەنقەرە. بەریتانیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی ئەمنی و بەرگریی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە؛ وڵاتێک کە دۆسیەی کوردانی سووریا وەک بەشێک لە ئەولەویەتە ئەمنییەکانی خۆی سەیر دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، "ڕیچارد موور" سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی دەرەوەی بەریتانیا (MI۶) لە ئەیلوولی ٢٠٢٥دا پشتڕاستی کردەوە کە دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا پێش ڕووخانی بەشار ئەسەد پێوەندیی لەگەڵ "دەستەی تەحریری شام" (HTS) بەستووە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕانەوەی خێرای لەندەن بۆ سووریا خۆش بکات.
نووسەری ڕاپۆرتەکە پێیوایە کە پشتگیریی پەرلەمانی بەریتانیا لە کوردان، بە مانای پابەندبوونی حکوومەتی ئەم وڵاتە بۆ داواکارییە سیاسییەکانی کورد نییە. لەندەن هێشتا لە نێوان پشتگیرییەکی ڕەمزی لەو کوردانەی کە ڕۆڵی سەرەکییان لە شەڕی دژی داعشدا هەبوو، و پاراستنی پێوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لەگەڵ دەیمەشق و ئەنقەرەدا، یاریی هاوسەنگی دەکات.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئەوەش دەهێنێتەوە یاد کە دوای بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب لە سەرەتای ئەمساڵدا، هەزاران کەس لە لەندەن و شارەکانی دیکەی ئەورووپا لە پشتگیریی کوردانی سووریا خۆپێشاندانیان کرد و داوای ڕێوشوێنی بەپەلەی حکوومەتە ڕۆژاواییەکانیان کرد بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی توندوتیژییەکان.
Your Comment