بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاکان فیدان، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئازەربایجان و جۆرجیا لە ئەستەنبووڵ، بەشێک لە گوتەکانی تەرخان کرد بۆ گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە ئێران و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
فیدان ڕایگەیاند کە لەم کۆبوونەوە سێقۆڵییەدا، ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لە ئارادان، تاوتوێ کراون. ناوبراو ئاماژەی بە هەستیاریی دۆخی ناوچەکە کرد و وتی: «پێویستە ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێک بکرێت کە دەکرێت ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش بەرەو لێواری کارەساتێک ببات.»
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام، بەردەوامە لە پێوەندی و ڕاوێژەکانی هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ ئەمریکادا. بە گوتەی ئەو، تورکیا لەم قۆناغە هەستیارەدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەشدا لە پێوەندییەکی نزیکدایە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدات.
فیدان زیادی کرد: «بۆ هێنانەدیی ئاشتییەکی بەردەوام، لە لایەکەوە پێوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکادا بەردەوام پێدەدەین و لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە ڕاوێژداین. تورکیا لەم قۆناغە هەستیارەدا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی دیپلماسی و گفتوگۆ.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریشی دا کە قەیرانە سەربازییەکانی دەوروبەری تورکیا دەکرێت بە خێرایی ڕەهەندی بەرفراوانتر بەخۆیانەوە بگرن و سەقامگیریی ناوچەکە زیاتر لە جاران بخەنە مەترسییەوە. ئەو جەختی کردەوە کە تاکە ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و بەرفراوانبوونی ململانێکان، بەکارهێنانی ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و بەردەوامبوونی دانوستانەکانە.
لەکۆتاییدا، فیدان جەختی لەسەر زەروورەتی پاراستنی کەناڵەکانی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا کردەوە و گوتی تورکیا پێیوایە چارەسەرکردنی قەیرانە هەرێمییەکان تەنها لە ڕێگەی دانوستان، دیپلماسی و ڕێککەوتنە سیاسییەکانەوە گونجاوە.
Your Comment