چەک دانانی پەکەکە، بۆ حکوومەت زۆر بەهادارە

بۆلێنت توران، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە بەرنامەیەکدا بە ناوی «هەنگاو بە هەنگاو لەسەر ڕێڕەوی تورکیای بێ تیرۆر»، داماڵینی چەکی پەکەکەی وەک هەنگاوێکی گرنگ ناوبرد و ئامادەیی حکوومەتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی یاسایی لە پێناو پێشخستنی ئەم پرۆسەیەدا ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بۆلێنت توران، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای شرناخ، لەگەڵ بیرۆل ئەکجی، پارێزگاری ئەو شارە کۆبووەوە و دەفتەری یادگاریی پارێزگارییەکەی واژۆ کرد. پاشان بەشداریی کرد لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی بەرنامەی «هەنگاو بە هەنگاو لەسەر ڕێڕەوی تورکیای بێ تیرۆر»، کە بە پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بە هیممەتی کۆمەڵەی «ژنانی ڕووناککەرەوەی داهاتوو» لە خانەی مامۆستایانی شرناخ ڕێکخرابوو.

بەشی کوردیی ئاژانسی ئانادۆڵۆ بڵاویشی کردەوە: توران لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پرۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر» کرد و ڕایگەیاند: «پەکەکە چەکەکانی داناوە. ئەم کارە هەنگاوێکی بەهادارە. ئێمەش بۆ خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکارییە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە، هەنگاوە یاساییە پێویستەکان دەنێین.»

لە بەردەوامیی ڕێوڕەسمەکەدا، بیرۆل ئەکجی، پارێزگاری شرناخ، خۆشحاڵی خۆی بۆ میوانداریکردنی نوێنەرانی ٨٠ پارێزگای تورکیا دەربڕی و ڕایگەیاند کە شرناخ یەکێکە لە نموونە سەرکەوتووەکانی پرۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر» کە بە ڕێبەرایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پەیڕەو دەکرێت.

ناوبراو زیادی کرد: «ئەمڕۆ لەگەڵ خەڵکی شرناخ و حکوومەتدا، مۆدێلی شرناخ بونیاد دەنێین. نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ گەنجی ئێمە لە کەرتی بەرهەمهێنانی نەوتدا کار دەکەن و ئەم پارێزگایە زۆرترین ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی تورکیای بەرکەوتووە؛ بە شێوەیەک کە ڕۆژانە ٨١ هەزار بەرمیل نەوت لە شرناخ بەرهەم دەهێنرێت. لە دەشتەکانماندا گەنم، نیسک و بستە دەچێنرێت و لە کوێستانەکانی پارێزگاکەشدا یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار سەر مەڕ و بزن بەخێو دەکرێن. هەروەها ساڵانە ٦٠۰ تۆن ماسی بەرهەم دەهێنین. شرناخ کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە ژێر سێبەری نائارامی و توندوتیژیدا بوو، ئەمڕۆ بەهۆی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرەوە بەرەو ڕووناکی هەنگاو دەنێت و بە خێرایی لەسەر ڕێڕەوی بوون بە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی مانگی زیڕینی پیتدار (الهلال الخصیب) پێش دەکەوێت. تورک و کورد هەزاران ساڵە لە پاڵ یەکتردا برادەرانە ژیاون و ئەم برایەتییە هەمیشە پشتیوانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا.»

لەو ڕێوڕەسمەدا، هەر یەکە لە محەمەد یارکا، سەرۆکی شارەوانیی شرناخ، و محەمەد گونگۆر، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و بریندارانی ئەمنیی ئانادۆڵۆ لە شرناخ، گوتاریان پێشکەش کرد.

هەروەها مەیجەر جەنەراڵ زەفەر تومبول، فەرماندەی جەندەرمەی پارێزگاکە، ڤۆلکان سازاک، بەڕێوەبەری پۆلیسی شرناخ، ئیبراهیم خەلیل ئەرکان، سەرۆکی لقی پارێزگای پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی - AKP)، ڕیشسپییان، نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بنەماڵەی گیانبەختکردووان ئامادەی بەرنامەکە بوون.

دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە، بۆلێنت توران و شاندی هاوڕێی بە ئامادەبوونیان لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی فەرماندەیی تیپی ٢٣ی پیادە، بە پێشکەشکردنی گوڵ، ڕێزیان لە پێگەی ئەوان گرت.

News ID 227334

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha