بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا وتی: "هەفتەی پێش جەژن ڕێکارە یاساییەکانمان تەواو کردوون، ئومێدەوارین لە چەند رڕۆژی داهاتوودا لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدرێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا وتیشی بەشێکی دادوەرانی دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ رێوڕەسمەکانی حەج چوونەتە سعودیە؛ بۆیە دادگەکە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە تا ئێستا بڕیاری نەداوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی: "چوار دادوەری یەدەگ هەبوون، لەگەڵ ئامادەبوونی دوو دادوەری کورد و دوو دادوەری دیکە و گەیشتنە ۸ دادوەر لە دادگەی فیدراڵی، بەڵام نەتوانرا بگاتە رێژەی ئاسایی".
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕوانین وەکوو بڕیارەکانی پێشوو، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی بڕیار دەربکات و مووچە لە بابەتەکانی دیکە جیابکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق سەرلەبەری هەڵەی یاسایی گەورەی تێدایە، بۆ نموونە باس لە خەرجیی راستەقینە کراوە لە کاتێکدا لە مانگی نیساندا بووین، لە کاتێکدا خەرجیی راستەقینە لە کۆتایی ساڵدا هەژمار دەکرێت".
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان "زیاتر سیاسییە وەک لەوەی کە تەکنیکی و کارگێڕی بێت".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی کۆنفرانسە ڕۆژنامەڤانییەکەدا ئەوشی وت: "رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمان بکرێت کە ئێستا داوای کۆبوونەوە کراوە، تاوەکوو ئەو کاتەی دۆسێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی نەکرێتەوە".
Your Comment