بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم دیدارەدا و هەروەها لە کۆتا کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، بەرپرسانی هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری، بازرگانی و ئەمنییەکان کردەوە و دوورنواڕێکی ڕوونیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە تایبەت لە ناوچە ئازادەکانی بانە و مەریوان و هەروەها بەرەوپێشبردنی گواستنەوەی ئاسمانی و ڕەخساندنی کەشێکی ئەمن بۆ وەبەرهێنان خستەڕوو.
پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی هەواڵنێری کوردپرێسدا لەبارەی ئەوەی کە پلان و بەرنامەتان بۆ دابین کردنی ئاسایشی سەرمایەی سەرمایەدانەرانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان چییە؟ وتی: یەکێک لە دەسکەوتەکان و جیاوازییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیکەی شارەکانی عێراق و ناوچەکەدا، ئەمنییەت و ئیستیقراری ئەمنیەت و دابین کردنی ئاسایشە.
ناوبراو وتیشی: ئێمە هەمیشە وتوومانە و تەئکید ئەکەینەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسئوولە لەدابین کردنی ئاسایش و حیمایەت کردنی کارگوزارەکانی خۆشمان و ئەوانەش کە لە دەرەوەی وڵاتمانەوە دێن و لە ناو خاک وڵاتی ئێمە کار و سەرمایەگوزاری دەکات.
خۆشناو لە وەڵامی هەواڵنێری کوردپرێسدا زیاتر وتی: ڕۆژانە چەندین گرفت ڕووبەڕووی بازرگانان دەبێتەوە کە ئێمە بەپێی یاسا بە کارەکانیان ڕادەگەین. بەپێی ئەو یاسایانەی کە زۆر زۆر ڕوون و ڕەوانە بەرانبەر بە هەرکەسێکی یاساشکێنی بکات و زۆڵم بکات و ڕێگری بکات بەرخورد دەکەین . واتا یاساکانی ئێمە ڕوونە و زیاتریشی دەکەین و کەوابوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسایشی بازرگانەکانی دابین کردووە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتی خۆیدا.
پارێزگاری هەولێر درێژەی دا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حیمایەت کردنی کارگوزارەکان واتا لە کارگوزارێکی سەرەتاییەوە تا کۆمپانیایێکی گەورە بەپێی یاسا کار دەکات.
بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکان بدەن

خۆشناو لە درێژەی قسەکانیدا و لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا ئاماژەی بە دەسکەوتەکانی کۆڕبەندی سنە کرد و وتی: ئەوەی باس کرا کە لیژنەی هەر حەوت پارێزگار دروست بکرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە دیدرا و کۆبوونەوەانە، ئێمە وەکوو پێشتریش باسمان کرد دوو کۆبوونەوەی دیکە کراوە و چەندین کۆبوونەوە دیکە بە جیاجیا لەگەڵ بەرپرسان و پارێزگارانی ئێران و هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەڵام وەکوو نەریتێک و بەدواداچوونێکی ساڵانە هەموو ئەو بابەتانەی کە بەلای هەردوولامانەوە جێگەی سەرنج و تێبینییە باسی لێوە دەکەم.لە هەموو یادداشت و لێکتێگەیشتنەکان بڕگەیێکی تێدایە کە هەردوو پارێزگار بەدواداچوون بۆ تەواوی ڕێککەوتنەکە دەکەن.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: هەروەها ئێمە دوو ناوەندی فەرمیمان هەیە کە ڕۆڵی ناونجی دەگێڕن لەوەی کە ئێمە لیژنەیێک دروست بکەین لەنێوان خۆماندا ئەو دوو ناوەند فەرمییە بریتین لە کۆنسووڵگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کە جەنابی سەرکۆنسووڵ لەو بابەتەدا ڕۆڵێکی گەرەی هەیە، هەروەها فەرمانگەی پێوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئەم دوو ناوەندە بە بەردەوامی لە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر دەبن لە هەر کاتێکدا پێویست بکات دیدار و کۆبوونەوەی پارێزگارەکان ڕێکدەخەن.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: هەروەها سەبارەت بە سنوورەکان کە کێشە ڕووبەڕووی بازرگانان دەبێتەوە دەمێکە لە مەرزی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین ڕێککەوتووین کە بەڕێوەبەرانی هەردوو مەرز لە هەرکاتێکدا پێویست بکات ئەوان بەشێوەی مەیدانی کێشەکان چارەسەر بکەن. واتا لیژنەکەمان حەرەکەیەکی بەردەوامی لەنێودا هەیە کە فەرمانگەی پێوەندییەکان و کۆسووڵگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێکخەری دیدار و کۆبوونەوەکان دەبن.
سەبارەت بەو پرسیارەی کە گرینگترین خاڵ لە پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران چییە؟ پارێزگاری هەولێر وتی: دەبێت بڵێم باشترین و گرینگترین خاڵ نییەتی باش و ڕێزگرتن لە ئیرادەی یەکترە و هەروەها سەروەریی و پاراستنی یەکترە. هەروەها سوود و قازانجی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە لەبواری مێژووییشەوە لە دەمێکدا پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەک سەنگەر بووینە و ڕووبەڕووی جەور ستەم و جەبەرووتی بەعسییەکان بووینەوە.
ئاسایشی سەرمایەدانەران دابین کراوە

هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە وەڵامی پرسیارەکەی هەواڵنێری کوردپرێسدا لەبارەی دابین کردنی ئاسایشی سەرمایەی سەرمایەدانەرانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان وتی: ئاسایشی سەرمایەدانەران دابین کراوە بەڵام بەداخەوە هەندێکیان لە ڕێگای نایاسایی و قاچاخەوە دێنە ناو بازاڕەکانی هەرێمەوە.
هەڤاڵ ئەبووبەکر وتیشی: هەر بازرگانێک و سەرمایەگوزارێک و وەبەرهێنەرێک کە بێتە کوردستان و سلێمانی ئیش بکات دەبێت لەڕێی کۆنسووڵخانەوە دکیومێنتەکانی پێشکەش بکات و ئەبێت پارەکانی لەڕێ بانکێکی متمانە پێکراوەوە و واتا لە بانکی مەرکەزیی عێراق تۆمار کرابێت و جووڵە بە پارەکەی بکات.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر ئەمانە نەبوو ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆی هاوردی و لەگەڵ کەسێک ڕێککەوت بەبێ ئاگاداریی ئیدارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ژووری بازرگانی و کۆسووڵخانە هەنگاوی هەڵگرت، بەڕاستی دواجار ئێمە ناتوانین بەرگری لە ئیشەکەی و سەرمایەکەی بکەین واتا ئێمە بەرپرسیارین لەو شتەی کە ئاگامان لێیەتی، بۆیە بەڕاستی بۆ ئەوەی کە ئەو دۆستانە تووشی زەرەر نەبن پێویستە ڕێگەی یاساییەکە هەڵبژێرن.
لە سەرمایەداناندا سەرکەوتوو نەبووین

پارێزگاری سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی هەواڵنێری کوردپرێسدا لەبارەی هاندانی سەرمایەدانەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرمایەدانان لە کوردستانی ئێران وتی: ئێمە لە ساڵی ۲۰۱۸وە و لەسەردەمی جەنابی مورادنیا (پارێزگاری پێشووی کوردستان)دا ئەم ئیشەمان کرد و کاری هاندانی وەبەرهێنانەکانمان ئەنجام دا کە ئیش بکەن لێرە و هانی ئەوانەی ئێرەشمان دا لە هەرێم ئیش بکەن بەڵام بەڕاستی لە ئەنجامی ئیشەکانماندا سەرکەوتوو نەبووین.
هەڤاڵ ئەبووبەکر وتیبشی: بۆ نموونە ئێمە خەریکین سنەسەنتەرتان بۆ دروست دەکەین لە ۲۰۱۸وە ئەم کێشەیە وەکوو خۆی ماوەتەوە ئێمە چۆن بە وەبەرهێنەرمان بڵێین وەرە پارەکانت بێنە بۆ ئێران بۆ (سنە، کرماشان، ورمێ) بێ ئیش بکە لە کاتێکدا ئویشێکم کردووە و سەرمایەیێکی زۆر خەوتووە و وەک خۆی ماوەتەوە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەگەر ئەوان لەو کاتەدا دۆلارەکەیان هەڵگرتبا ئێستا لەسەدا ۳۰ی کۆی پارەکەیان قازانج دەکرد نەک ئەوەی دوای ئەو هەموو ساڵە ئەم هەموو زیانەیان بەربکەوێت بۆیە تکاتان لێدەکەم لەو بابەتانەدا دەبێت وریا بین.
پێشوازی لە وەگەڕخستنی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان سنە- سلێمانی- هەولێر

لایخۆیەوە پارێزگاری کوردستان لەم کۆڕبەندەدا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکی دیکەدا سەبارەت بە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سنە بۆ سلێمانی و هەولێر، ڕایگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە کردووە و بەڵێنمان وەرگرتووە، هەر لەمبارەشەوە ڕاپۆرتێکی تەواومان پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کردووە".
ئارەش لهۆنی وتیشی: سەرۆک کۆمار فەرمانێکی تایبەتی بۆ وەزیری ڕێگاوبان دەرکردووە و وێڕای ئەمەش پێشوازی لە کۆمپانیای گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دامەزراندنی گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەولێر و سلێمانی بۆ سنە و دواتریش بۆ تاران.
چالاک بوونی ناوچەی ئازادی بازرگانیی بانە و مەریوان لە چاوەڕوانی پلانێکی گشتگیردایە
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە دوایین دۆخی ناوچەی ئازادی بازرگانی مەریوان و بانە، وتی: چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەم بڕیارنامەیە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت و جێبەجێ بکرێت، چوونکە هێشتا پلانی گشتگیری ناوچەی ئازادی بازرگانیی بانە و مەریوان پەسەند نەکراوە، بەڵام پڕۆسەکەی خەریکی جێبەجێ کردنە و ئێمەش شوێنگیریی دەکەین.
پارێزگاری کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناوچەی ئازادی بازرگانی بانە و مەریوان پێگەیێکی ستراتیژی هەیە و بەم نزیکانە بەستێنێکی گونجاو بۆ ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێران فەراهەم دەکات.
حکوومەتی ناوەندی عێراق سنووری سیرانبەندی بانەی هێشتا بەفەرمی نەناساندووە

لەدرێژەی کۆنگرە ڕۆژنامەوەنییەکەدا پارێزگاری سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێراندا کە باسیان لە هۆکاری بە فەرمی نەناساندنی سنووری سەیرانبەندی بانە لەلایەن هەرێمی کوردستانی عێراقەوە کردبوو، ڕایگەیاند: حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەبێت لەسەر ئەم بابەتە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
ناوبراو زیادی کرد: بەڵام هەمووتان دڵنیا دەکەمەوە کە سەیرانبەند ئیش دەکات و بار و بازرگانی و جووڵەی بازرگانی لەو دەروازەدا هەیە و بەشێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە و تا ڕادەیێکیش هاتوچۆ هەیە بەس بۆ ئەوەی کە خەڵک دڵیان قورس بێت کە بە بەردەوامی ئیش بکات هێشتا ئەمە نەکراوە.
هەڤاڵ ئەبووبەکر زیاتر وتی: ئەمەش هەوڵی هەردوولامانە و کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی ئەم کارەن ئێمەیش لە ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی ئامادەین بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی هەیە، هیوادارم ئەو پەیوەندییە باشەی کە لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی عێراقدا هەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کە بتوانین چ کێلێ چ سەیرانبەند چ دەروازەکانی تریشمان ئیشیان لەسەر بکەین.
ناوبراو جەختی کردەوە: ئێمە هیچمان هۆکاری کێشەکان نین بەڵکوو هۆکارین بۆ چارەسەر بەڵام دەسەڵاتەکان لە سەرووی دەسەڵاتی ئێمەوەن.
کۆبوونەوە و دیداری پارێزگا هاوسنوورەکان دەبێت بەردەوام بێت
پارێزگاری سلێمانی لەدرێژەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا ئاماژەی بە دەسکەوتەکانی کۆڕبەندی سنە کرد و ڕایگەیاند: ئەو پرسیارانەی کە باستان کرد، یەکەم پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بوو حەز دەکەم بزانن لە ساڵی ۲۰۱۸وە لەنێوان سنە و سلێمانیدا ئەو لیژنەیە دروست کراوە و کۆمیتەی هاوبەش هەیە و بەردەوام کارەکانی خۆیان دەکەن بۆیە ئێمە زۆر پێشی ئەو یادداشتانە و داواکارییە کەوتووین.
هەڤاڵ ئەبووبەکر زیادی کرد: بەڵام دوو گۆڕانکاری ڕوویانداوە یەکەم ئەوەیە کە ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنیان بۆ کراوە و پارێزگار و بەرپرسانیش لە لایەنی ئێرانەوە بەهۆی دەستبەکار بوونی حکوومەتی تازەوە گۆڕاون و کەسانی دیکە شوێنیان گرتوون.
ناوبراو زیاتر وتی: گرینگە ئەم سەردان و کۆبوونەوانە هەر درێژەیان ببێت بۆ ئەوەی کە هەردوو لا بگەینەوە بە ئاستی پێشوو، ڕەنگە خەڵکێکی تازە هەبێت کە ئاگار لەوە نەبێت پێشتر چ هەنگاوێک نراوە و ژوورە بازرگانییەکانمان چ پێوەندییێکیان لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە. ئەبێت ئەمانە هەموویان بەهێز بکەینەوە و پێوەندییەکانیان زیاتر بکەین.
گەمارۆکانی سەر ئێران ڕێگرییان لە گەشەی ئابووری و سەرمایەدانانی دوولایەنە کردووە

لەبارەی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش کە ئایا بە کوێ گەیشتووە؟ بەڕاستی من نامەوێت لێرەدا شتەکان تنیا تێپەڕێنین و دەمەوێت ڕاستییەکانتان پێبڵێم، ئێمە لە جیهاندا لە دۆخی شەڕداین لە ئێستادا و شەڕیچ یاسای خۆی هەیە. لە ناوچەکەی ئێمەدا خۆتان ئەزانن چی دەگوزەرێت.
هەڤاڵ ئەبووبەکر ڕاشیگەیاند: ئەگەر ئەو ناوچە پیشەسازییانە کە هەردوولامان ڕازی بووین و زەویمان بۆ دابین کردووە لە باشماخ و لە سەیرانبەند لە بانە و لە مەریوان و هەروەها لە شوێنەکانی تر دوو کێشەی سەرکیمان هەیە، کێشەیەکمان ئەوەیە کە ئەگەر ناوچە پیشەسازییەکان لەدیوی هەرێمی کوردستان درووست بکەین کێشەی بوونی کرێکار، غاز، ئێنتێرنێت و کارەبا و ئاو و پێداویستییەکان و ڕێگا و بان و هۆکارنی گواستنەوە گرانن؛ واتا سیستەمی باج لەلای ئێمە زیاترە و جیاوازە لەوەی کە لە ئێران هەیە.
ناوبراو وتیشی: دووەم ئەوەیە کە ئەگەر بازرگانەکان و پیشەوەرەکانی خۆشمان هان بدەین کە بێن لە ناوچەی پیشەسازی ئازاد وەکوو ئەوەی لە بانە کردوومانە ئیشەکانیان بکەن گرفتی جووڵەی دراو و پارە و ئەو تەحریمەمان هەیە کە لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. بازرگانەکانمان و پیشەوەرەکانمان ناتوانن بێن و بە ئاسانی لە جوغرافیایێکی تردا ئەمە بکەن. بەڕاستی ئەمانەی ئاماژەم پێکردن کێشە بنەڕەتییەکەیە.
پارێزگاری سلێمانی زیادی کرد: ئومێد دەکەم کە ئەو دانوستانانەی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە بە ئانجامێکی باش بگات کە ببێتە خێر بۆ هەموو ناوچەکە و ئەو کێشانەی لەنێوانی ئێمەدا هەیە زۆر بە خێرایی چەرەسەر دەبێت.
باج و ڕسووماتی قورسی دەروازە سنوورییەکانی ئێران لەباری ئابوورییەوە ڕەوا نییە
هەڤاڵ ئەبووبەکر وتیشی: بابەتێکی دیکە کە لەگەڵ جەنابی پارێزگاری کوردستان باسمان کردووە ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین ڕۆژانە ژمارەیێکی گەشتیار، خوێندکار، گەشتیاری تەندروستی و خەڵک بۆ سەردانی کردن بێنینە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵام بەڕاستی ئەو باجە زۆرەی کە ڕۆژانە لە دەروازە سنوورییەکانی ئێران لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی ئێمە وەردەگیردرێت هیچ هاندەر نییە و ڕێگریێکی گەورەی کردووە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: لە ئێستادا هەر ئۆتۆمبێلێک کە دەیەوێت بێتە ناو ئێرانەوە دەبێت ۲۵۰ دۆلار بدات لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هاتوچۆمان هەیە و هیچ باج و ڕسوماتێک وەرناگیردرێت تەنها ۲۵ دۆلار وەردەگیردرێت و ئەو کەسە بۆ ماوەی ساڵێک دەتوانێت هەموو ڕۆژێک بڕوات و بێتەوە؛ نەک ئەوەی کە تەنها بۆ جارێک هاتن و چوون ۲۵۰ دۆلار بدات.
پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی وت: بۆیە ئەم بابەتەم لەگەڵ پارێزگاری بەڕێزی سنە باس کردووە ئومێد دەکەم ئەو پارە زۆرە لابەرن کە ئێوە تەماحتان لەو ۲۵۰ دۆلارە نەبێت چوونکە لەوانەیە کە ئەوانە دێنە ئێران سەدان دۆلار خەرج بکەن.
Your Comment