بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلى جەهانگیر، وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی ڕووداوى ڕاگەیاندووە: بڕیارە ئەو کاروانە نوێیەى کەسوکارى چەکدارانى داعش سەرەتاى مانگى کانوونى دووەمى ۲۰۲۵ لە کەمپى هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە.
عەلى جەهانگیر وتیشی: "ئەوە دەبێتە کاروانى ژمارە ۱۸ کە تاوەکوو ئێستا لە کەمپەکەوە بگەڕێنرێنەوە، ژمارەى خێزانەکانى ئەو کاروانە نوێیە لە نێوان ۱۷۰ بۆ ۱۸۰ خێزانن".
یەکەم جارە دواى ڕووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا لە ۸ى کانوونى یەکەمى ۲۰۲۴، ئەو خێزانە عێراقیانە لە کەمپى هۆل بگەڕێنرێنەوە.
کەمپەکە لە شارى حەسەکەى کوردستانی سووریا و لە ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)یە.
لە کۆى نزیکەى ۵۰ هەزار کەس لە کەسوکارى چەکدارانى داعش کە لەو کەمپەن، نزیکەى ۲۰ هەزاریان عێراقین.
دواى گەڕاندنەوەیان ئەو کەسوکارانەى چەکدارانى داعش دەبرێنە کەمپى جەدعە لە شارى مووسڵ بۆ ئەوەى شیاندنەوەیان بۆ بکرێت، بەرلەوەى بگەڕێنرێنەوە زێدى پێشووى خۆیان.
دوایین کاروانى کەسوکارى چەکدارانى داعش کە گەڕێندرانەوەتە عێراق لە ۹ى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ بووە.
Your Comment