ئامادەین هاوکاری بکەین لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ

بەشی سووریا- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا ڕایگەیاند، ئامادەیە هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی خۆسەر لەڕێگه‌ی بەیاننامەیەکەوە وەڵامی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی داوەتەوە کە دامەزراوە دادوەریی و ئەمنیی و سەربازییەکانی کوردستانی بە ئەنجامدانی پێشێلکاری "کە دەگاتە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" سەبارەت بە بارودۆخی ژنان و منداڵانی لە کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش تۆمەتبارکرد.

لە بەیاننامەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا هاتووە: ئیدارەی خۆسەر گرنگیی ئەو ڕاپۆرتانە بەرز دەنرخێنێت کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەردەچن، هەروەک جەختی لەوەکردۆتەوە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بەهۆی هاوکاری ئیدارەی خۆسەرەوە ڕاپۆرتەکەی تەواو کردووە، سەرەڕای ئەوەی سەرنجی لەسەر هەندێک لە تۆمەتەکان و زاراوە بەکارهێنراوەکانی ناو ڕاپۆرتەکە هەیە کە دەبوو بە باشی پشتڕاست بکرایەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە "کە تیمی ڕێکخراوەکە سەردانی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنیان لە هەردوو کەمپی چینی لە شەدادی و پانۆراما لە حەسەکە نەکردووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت ئەوان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە چاوپێکەوتن و ئیفادەی ئەو کەسانە بەستبێت کە ڕەنگە سەر داعش یان شانە نووستووەکانی داعش بن کە ڕەنگە تیمی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی ئەو دوو گرتووخانەیە چاویان پێیان کەوتبێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی ئیدارەی خۆسەر لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپاتکراوەتەوە بۆئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و پاڵپشتی ئیدارەی خۆسەر بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستییەکانی ناو کەمپ و دەستبەسەرکردنەکان دابین بکات، کە پێویستی بە سەرچاوەی دارایی زەبەلاح هەیە کە ئیدارەی خۆسەر توانای دابینکردنی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسیی و ئەمنیی دەبێتەوە، بەتایبەتیی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن.

News Code 223421

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha