دروشمی "ئیتربه‌سه"‌ پرۆژه‌یه‌ بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی فه‌شه‌لی  ۳۳ ساڵ حکومڕانی لە هەرێم

ئه‌مینداری گشتی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌رکمانه‌ ڕێگری بکه‌ین له‌ ئه‌نجامدانی سته‌م و سته‌مکاران و داکۆکیکار بین له‌به‌ده‌ستهێنانی مافی هاوڵاتیان و مافخوراوه‌کان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی یه‌کگرتووی ئیسلامی، سەلاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین به‌یاوه‌ری شاندێک له ‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێ کردن و ژماره‌یه‌ک له‌ پاڵێوراوه‌کانی بازنه‌ی سلێمانی، سه‌ردانی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵی کرد و له‌گه‌ڵ ڕێکخستنه‌کانی سنووری مه‌ڵبه‌ندی ۱۱ی چه‌مچه‌ماڵ ڕایگه‌یاند: "وه‌ک هێزێکی سیاسی ئه‌رکمانه‌ ڕێگری بکه‌ین له‌ ئه‌نجامدانی سته‌م و سته‌مکاران و داکۆکیکار بین له‌به‌ده‌ست هێنانی مافی هاوڵاتیان و مافخوراوه‌کان،  بۆیه‌ دروشمی (ئیتربه‌سه‌) مان به‌رزکرده‌وه ‌و ئه‌و دروشمه‌ شیعارێکی سیاسی نییه‌ به‌ڵکوو پرۆژه‌یه‌ بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی فه‌شه‌لی  ۳۳ ساڵ حکومڕانی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا".

ئه‌مینداری گشتی یه‌کگرتوو ئاماژه‌ی به‌مێژوی یه‌کگرتوو کردو ڕوونیشیکرده‌وه‌، "لیستی یه‌کگرتوو پرۆژه‌یه‌که‌ که‌ زیاتر له‌ ۳۰ ساڵ له‌گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و هه‌رێم خزمه‌تی کردوه‌ و ڕوبه‌ڕوی چه‌ندین کێشه‌ و گرفت کراینه‌وه‌ و به‌ناهه‌ق خوێنیان ڕژاندین که‌ تاوان له‌وه‌ گه‌وره‌تر نه‌بوه‌، ویستیان ڕامانکێشن بۆ چه‌ندین شه‌ڕ و پیلانی نه‌خوازراو، به‌ڵام به‌خۆڕاگری و حیکمه‌ت توانیمان سه‌رجه‌میان تێپه‌ڕێنین".

له‌به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا، ئه‌مینداری گشتی یه‌کگرتوو وتیشی: "حکوومه‌ت و که‌رامه‌تی خۆتان و باوباپیرانتان خسته‌ژێر پرسیاره‌وه‌، دۆسته‌کانتان هه‌مووی ڕه‌نجاند و دڵی ناحه‌زانتان خۆش کرد و ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌ که‌ ئێوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئیتر به‌سه‌ دروشمێکی ئه‌م قۆناغه‌یه‌ و دواتر ده‌بێته‌ پرۆژه‌ی کاری سیاسیمان بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان".

له ‌کۆتایی دیداره‌که‌دا، ئه‌مینداری گشتی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "چوونه‌ په‌رله‌مان و له‌مینبه‌ری په‌رله‌مانی کوردستان داکۆکیکردن له‌مافی هاوڵاتیان ئه‌رکێکی پیرۆزه‌ و یه‌کێکه‌ له‌جیهاده‌ سه‌رده‌میه‌کان،  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پۆلێک پاڵێوراوی ده‌ستپاک و ڕاستگۆو به‌ئه‌زمون و خاوه‌ن که‌فائه‌ت و شاره‌زامان هه‌ریه‌ک له‌بوارێکدا به‌ربژێر کردوه‌ له‌ لیستی یه‌کگرتوو و چاوه‌ڕێی هیمه‌ت و هه‌وڵ و کۆششی هاوڵاتیانین بۆ سه‌رخستنیان".

News Code 224196

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha