وتاری مەسعوود بارزانی لە کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

مەسعوود بارزانی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری سەرخستنی لیستی ۱۹۰ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر وتارێکی پێشکەش.

 کوردپرێس: دەقی وتارەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمشێوەیە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

هەڤاڵانی بەڕێز

خوشک و برایانی خۆشەویست

جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگر

هەمووتان بەخێر بێن، ئامادەبوونتان جێگەی شانازییە، ئومێد بەخش و هێزبەخشە بۆ ئێمە.

بەڵێ ئێوە پیشانتان دا و ئیسپاتتان کرد ئا ئەمەیە پارتی. شانازییەکی گەورەیە کە کوردستان ئەمڕۆ گەیشتۆتە قۆناغێک، گەلی کوردستان بە هەڵبژاردن و بە ڕەئی خۆی، شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکات، ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە و دەستکەوتێکی مەزنیشە.

ئەمڕۆ دواڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەم هەڵبژاردنە دەبوایە دوو ساڵ پێش ئێستا کرابا، بەڵام هەندێک لایەن هەر کۆسپیان دروست دەکرد و خۆیان دەدزیەوە، تا بە خەیاڵی خۆیان، بە قەناعەتی خۆیان گەیشتنە ئەو ئامانجەی کە بە هەڵبژاردنێکی پێشوەخت دیزایینکراو پارتی دەشکێنن.

لای هەموو کەس ڕوونە، پارتی خاوەنی بیرۆکەی هەڵبژاردنە لە کوردستان، لە نەورۆز و راپەڕینی ۱۹۹۱ لە کۆیە، من داوام کرد کە دەبێ لە کوردستان هەڵبژاردن بکرێ، بۆ ئەوەی لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بچینە قۆناغی شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بکرێ و میللەت رەئی خۆی بدات.

شکور بۆ خوای گەورە و ئێوەی تێکۆشەر، هەر لە یەکەمین هەڵبژاردنەوە تا ئەخیر هەڵبژاردن، پارتی هەر یەکەم بووە و لەمەودواش هەر یەکەم دەبێت.

بەڕێزان

سەرەڕای ئەوەی کە سنوورشکێنیی هەندێک کەس و لایەن و بەکارهێنانی زمانی زبر و وشەی نەشیاو، بەڵام ئێمە تەحەمولمان کرد، سوپاسی هەموو دامودەزگاکانی پارتی دەکەم کە نەهاتنە ئەو ئاستە نزمەی کە هەندێک کەس دەیانویست پارتی بۆ رابکێشن.

کاتێک هەندێک بڕیار لە بەغدا دەرچوون بە چاوساخیی هەندێک لایەنی هەرێم بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت دیزاینکراو، پارتی رازی نەبوو و قەبووڵی نەکرد، هەرچەندە دواتر زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەڵام هێشتا بەو شێوەیە نەبووە کە ئێمە دەمانویست، بەڵام ئەو پلانەی کە نەخشەشیان بۆ کێشابوو، پلانەکەش سەری نەگرت.

هەڤاڵان

ئەرکی سەرشانی هەموو ئەندامێکی پارتییە، هەموو لایەنگرێک، هەموو دۆستێک، هەموو کوردێکی دڵسۆز، هەموو پێشمەرگەیەکی قارەمان، هەموو تاکێکی هێزەکانی ئەمنی، رۆژی ۲۰ی ئۆکتۆبەر بچنە سەر سندووقی دەنگدان، خۆتان و کەسوکارتان و دەنگ بە لیستی ۱۹۰ بدەن، بۆ ئەوەی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندا بمێنێت.

پەرلەمانی داهاتوو، ئەرکێکی قورسی لە پێشە، بۆیە پێویستیی بە خەڵکێکە کە دڵسۆز بن بۆ گەل و نیشتمان، دڵسۆز بن بۆ ئەم هەرێمە و وەفادار بن بۆ خوێنی شەهیدان. یەکەمین کاری پەرلەمانی داهاتوو نووسینی دەستوورە، هەموارکردنەوەی هەندێک یاسایە، دەرکردنی هەندێک یاسای دیکەیە، سڕینەوەی ئاسەواری ئەو پلان و بڕیارانەیە کە لە دژی هەرێم دەرچوون و ویستیان قەوارەی هەرێم نەهێڵن و تێکی بدەن.

هەڤاڵانی بەڕێز

خواست و ویستی خەڵکی کوردستان دەبێتە بەرنامەی کابینەی داهاتوو، خزمەتگوزاریی زیاتر، ئەمن و ئاسایشی زیاتر، بارسووککردنی سەرشانی خەڵکی کوردستان و دوای هەڵبژاردن نابێ ئەم فەوزایە لە کوردستان بمێنێت، یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هێزی پێشمەرگە، کۆتایی هێنان بە هاوپەیمانیی مافیا و تێرۆر، لە هەمووشی گرنگتر، کۆتاییهێنان بە بازرگانی و دروستکردنی ماددەی هۆشبەر کە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاییندەی ئەم میللەتە و گەورەترین خیانەتە بەرامبەر بەم میللەتە دەکرێت.

با تەماشای دروشمەکان بکەین، درووشمی پارتی درووشمی حزبێکە کە هەست بە مەسئولیەتی مێژوویی خۆی دەکات بەرامبەر بە گەل و نیشتمان، ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری، پارتی وەسیلەیە بۆ خزمەتی کورد و کوردستان. با تەماشای دروشمەکانی لایەنەکانی تریش بکەین، هەندێکیان، لادانە و نەهێشتنە و دەرکردنە، بەخوا خۆشیان دەزانن کە پێیان ناکرێ و ناتوانن. دروشمی ناواقیعییانە، خۆشیان دەزانن ناتوانن، قسەی زل و وەعدی بێ وەفا ئاسانە، بەڵام شەرت کردارە، پارتی حزبی کردارە نەک هی قسە.

تەماشای ئەو کابینانەی کە پارتی سەرۆکایەتی کردووە، هەر لە ۱۹۹۲ەوە تا ئەمڕۆ، لە خزمەتگوزاریی زیاتر هیچی تر نەبووە، راستە هەڵەش کراوە، ئەوەی ئیش نەکات، هەڵە ناکات، ئەوەی کار بکات، هەڵە دەکات. بەڵام ئەو خزمەتەی کە کراوە و پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کراوە، نە منەتی تێدایە، بەڵام جێی شانازییە بۆ ئێمە.

تەمەننام دەکرد دروشمەکانی لایەنەکانی تر کێبڕکێ با لەگەڵ پارتی لەسەر پرۆژەی باشتر، خزمەتگوزاریی باشتر، تەبایی و برایەتیی قووڵتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، دوای هەڵبژاردنی ۲۰ی ئۆکتۆبەر، پارتی بە دڵێکی فراوان، بە هەستکردن بە مەسئولیەتێکی گەورە، دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکات. مەرجی ئێمە تەنیا یەک مەرجە، دڵسۆزی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ خاکی کوردستان. من بەو بەڕێزانە دەڵێم، کاکە ئێمە هەموومان ئاخیری کوردین، کوردستانین، خەڵکی ئەم وڵاتەین، بیر لەوە نەکەنەوە بە دژایەتی و تەحەدای پارتی شتتان دەست بکەوێت، بەخوا ئەوەی بە دۆستایەتی و بە برایەتی لەگەڵ پارتی دەستتان دەکەوێت، بە حەیاتی بەزۆری دەستتان ناکەوێت و ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن کە پارتی بڕووخێنن، کاکی خۆم، کەسانی لە ئێوە گەورەتر، زاناتر، دەوڵەتی بەهێز، خۆیان تەجرووبە کرد و خۆیان ڕووخان، پارتی هەر ما و هەر دەمێنێت. پارتی داربەڕووە داربەڕوو.

هیوادارم دوای هەڵبژاردن، هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە، بە خۆیاندا بچنەوە، بیر لە ئاییندەی هەرێم بکەنەوە، چۆن ئەم هەرێمە بپارێزن؟ چۆن گیانی برایەتی لەنێو ئەم میللەتە قووڵتر بکەنەوە؟ چۆن سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن و چۆن خزمەتگوزاریی باشتر و زیاتر پێشکەش بە خەڵکی کوردستان بکەن؟ ئەمەیە ڕێگەی ڕاست.

پارتی هیچ کات لە مەسئولیەت نەترساوە و رای نەکردووە، داوای من لە هەڤاڵانی پارتی ئەمەیە:

یەک: کاتی خۆتان خەسار نەکەن بە وەڵامدانەوەی وشەی سووک و هەڵوێستی سووک.

دوو: تەرکیز بکەنە سەر چۆنیەتیی پاراستنی هەرێم و پاراستنی ئازادی و دیموکراسی.

سێ: بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان.

چوار: خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان.

پێنج: ئیهتیمامێکی زۆرتر بە کەرتی پەروەردە و تەندروستی.

شەش: کار بکەن بۆ قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و تەبایی و پێکەوەیی هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک.

حەفت: مەجالێکی فراوانتر بۆ ئافرەتان و گەنجان بڕەخسێنن کە رۆڵی خۆیان باشتر و زیاتر ببینن.

من دڵنیام خەڵکی کوردستان هۆشیارن و زۆریش زانان، دەزانن دەنگ بە کێ بدەن؟ بەوە بدەن کە کوردستان دەپارێزێت یان بەوە بدەن کە کوردستان دەفرۆشێت؟

هەڤاڵانی خۆشەویست

بەرواری کۆتاییهێنان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن، هاوکاتە لەگەڵ یادێکی تاڵ و کارەساتێکی نەتەوەیی ئەویش ۱۶ی ئۆکتۆبەرە، چۆن ئێوەی خۆڕاگر لە ۲۵ی ئەیلوول نەتانهێشت ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێت، چۆن لە ۲۰ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە چۆن توانییان پلانی داگیرکردنی هەرێم لە پردێ تێکبشکێنن، چۆن پێشمەرگە لە سحێلا خەونی داگیرکردنی کوردستانیان لە دوژمنان کردە خەونێک بۆ قەبر، بەو ئیرادەیە، بەو جۆش و خڕۆشە، بەو ئومێدەوە، رۆژی ۲۰ی مانگ بچن بۆ سەر سندووقی دەنگدان و خۆتان نەچەمێنن، بە پەنجەکانتان، پێشمەرگە قارەمانەکان بە خوێنی خۆیان کوردستانیان پاراست، ئێوە لە ڕۆژی ۲۰ی مانگ، داستانی خواکوڕک، داستانی کۆڕێ، داستانی ۲۵ی ئەیلوول، داستانی پردێ، داستانی سحێلا بێننەوە بیری خۆتان و بە پەنجەتان کوردستان بپارێزن.

خوشک و برایانی خۆشەویستم

ئێمە لە کاتێکدا دەچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن کە ناوچەکە لە دۆخێکی ئاڵۆز و حەساسدایە، ئێمە لەگەڵ برادەرانی بەغدا خەریکین بە هەموو شێوەیەک کە عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، نەکەوێتە ناو ئەو ئاگرەی کە هەیە و هەموو ئومێدمان ئەوەیە کە لایەنەکان هەموویان پەنا ببەنە بەر دیالۆگ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەری ئەو مەشاکیلانەی هەیە، بیکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی مەسئولینی بەغدایە و ئەرکی هەرێمیشە کە هەوڵ بدەن، عێراق و هەرێم نەکەونە ناو ئەو ئاگرە.

پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، تەبعەن ئێستا پەیوەندیی پارتی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری حزبەکانی عەرەبی چ شیعە و چ سوننە لە عێراق، پەیوەندییەکی باشە و لە ئاستێکی باشدایە و بەینی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغداش تا حەدێکی زۆر تەفاهوم دروست بووە و ڕێگەی چارەسەری گرفتەکان گیراوەتە بەر و لەگەڵ بەڕێز سوودانی، سەرۆک وەزیران، تەفاهومێکی باش هەیە و ئێمە ئومێدەوارین کە دوای ئەم هەڵبژاردنە، هەموو ئەو موشکیلانەی کە هەنە، بنبڕ بکرێن و چارەسەر بکرێن.

ئێمە لەگەڵ چارەسەرین، بەڵام قەت و قەت موساوەمە لەسەر مافی خۆمان ناکەین. چەند بنەمایەک هەن کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە رێککەوتین، بەڵام بەداخەوە کاری پێ ناکەن، شەراکەت و تەوازن و تەوافوق، دەستوور هەیە و ڕێککەوتنی سیاسیش هەیە، ئەگەر کار بەمانە بکرێت، هیچ کێشەیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا نامێنێت.

لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمییەکانیش پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان باشە و بەرەو باشی دەچێت، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە لەگەڵ هیچ لایەک و لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک گرفتمان هەبێت، بەڵام ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین، ئێمە بڕیاری خۆمان تەسلیمی هیچ کەسێک ناکەین.

مەترسیی تیرۆر هێشتا هەر هەیە، بۆیە ئێمە هیوادارین بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانان بگاتە ڕێککەوتنێکی ڕێکوپێک بۆ ئەوەی بەردەوام ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە هەبێت تاوەکوو جارێکی تر داعش نەتوانێت سەرهەڵبداتەوە.

دوو بابەت هەن من دەمەوێ ئاماژەیان پێ بکەم، لە کەرنەڤاڵی ڕۆژی ۱۲ی مانگ لە دهۆک، ئەلحەمدولیلا لەوێ دڵی دۆستان گەش بوو و دڵی دوژمن و ناحەزان ڕەش بوو. بابەتی تر، پێش یەک دوو ڕۆژ، سەرۆک وەزیران لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ۵۵۴ شوققەیان دابەشکرد بەسەر خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش، ئەمە ئەرکە، ئەرکی حکوومەتە، ئەرکی حزبە، ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە و هەرچی بۆ شەهید بکەن کەمە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بەلای منەوە زۆر زۆر موهیم بوو، بەبێ جیاوازی ئەو شوققانە بەسەر خانەوادەی هەموو شەهیدان دابەش کرا بەبێ ئەوەی پێی بڵێن ئەمە پارتییە یان یەکێتییە یان ئەوی ترە؟ ئەمەیە پارتی، ئەمەیە ڕێبازی بارزانی، شەهید پیرۆزە، شەهید تاجی سەرمانە.

هەڤاڵان

مۆراڵتان بەرز بێت، ئومێدتان زۆر بێت، باوەڕتان نەگۆڕ بێت، سەرکەوتن هەر بۆ ڕێگەی راستە، رۆژی ۲۰ی ئۆکتۆبەریش وەڵامی هەموو ناحەزان بدەنەوە.

سوپاسی هەموو دامودەزگاکانی حزبی، حکوومی، لەشکری و ئەمنی و هەموو خۆبەخشەکان، هەموو ئەو خوشک و برایانەی کە زەحمەتیان کێشاوە، ئەم مانگە خۆیان زۆر زۆر ماندوو کردووە، ئامادەکارییەکی زۆر زۆر ڕێکوپێکیان کردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دەستخۆشییان لێ دەکەم، سوپاسیان دەکەم، هەروەها سوپاسی کۆمسیۆنیش دەکەم کە بە قسەی برادەران و هەڤاڵانمان، تا ئێستا کاری خۆیان بە ڕێکوپێکی کردووە، ئومێدەوارم هەروا بەردەوام بن و نەهێڵن هیچ لایەنێکی تر دەستێوەردان بکات لە هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

لە کۆتاییدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سڵاو بۆ خانەوادەی شەهیدان، سڵاو بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، سڵاو لە دار و بەرد و خەڵکی کوردستان، سڵاو لە کەرکووکی دووجار فرۆشراو، سڵاو لە سلێمانی، سڵاو لە هەڵەبجە، سڵاو لە دهۆک، سڵاو لە هەولێری پایتەخت، سیمبولی هاوبەشی گەلی کوردستان، هەولێر هەولێرە، پشتمان بە خوای گەورە قاییمە و بە هیممەتی ئێوە هەر بەرەو پێشەوە ئەچین، خۆناچەمێنین و سەردەکەوین.

لە کۆتاییدا من پرسیارێک لە لایەنەکانی تر دەکەم، ئێوە و ویژدانتان، ئێوە و خوای خۆتان، ئەگەر ئێوە لە جیاتی پارتی بوونایە، چۆن رەفتارتان دەکرد لەگەڵ پارتی؟

هەر بژین، هەر بژی کورد و کوردستان، هەر بژین ئێوەی بەڕێز، تا ئێوە پشتیوانی پارتی بن، پارتیش لە پێشەوە دەبێت و هەر بەرەوپێشەوە دەچێت.

News Code 224235

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha