بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حەوتەمین و کۆتا کەرنەڤاڵی بانگەشە بۆ لیستی ١٢٩ ی یەکێتی لە ناو لایەنگرانی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەبردوو و لە وتارێکدا رایگەیاند: "یەکێتی گەڕاوەتەوە سەر رێبازەکەی خۆی و شۆڕشێک دەستیپێکردووە کە ئەژنۆی نەیارەکانمانی شکاندووە"، وتیشی: "ئەم حکومەتە وڵات بەرەو سیستمی پۆلیسی دەبات، ئێمە کۆتایی بەم سیستمە پۆلیسییەی ئێستا دەهێنین"، پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کردو وتی: "سوێند بەخوا دەتوەستێنم".
ناوبراو راشیگەیاند: "پێنج ساڵە حکومەت نەیتوانیوە مووچە بۆ خەڵک دابینبکات، حکومەت سیاسەتی نەوتی نییە، بەڵکو سیاسەتی نەوت و غاز دزینی هەیە"، هاوکات پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کردو وتی: "سوێند بەخوا دەتوەستێنم".
تاڵەبانی وتیشی: "ئەم هەڵبژاردنە ساختەکاری تێداناکرێت و ئێوە دەتوانن هاوکێشەی سیاسی لەهەرێم بگۆڕن، ئەم حکومەتە وڵات بەرەو سیستمی پۆلیسی دەبات و کۆتایی بەم سیستمە پۆلیسییەی ئێستا دەهێنین، بەهۆی سەرانە سەندنیشەوە بازرگانەکان هەولێریان بەجێ هێشتووە".
سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند: "دەنگ بەو حزبە بدەن کە دەتوانێت ژیانتان باشتر بکات و بەڵێن دەدەین باشترین حکومەت دروستبکەین، بۆیە ئێوەش بچن سندوقەکانی دەنگدان سەوز پۆس بکەن و تەنها بەنیو سەعات دەنگدان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چوار ساڵ خزمەتتان دەکەین".
لەدرێژەی پەیامەکەیدا بافڵ تاڵەبانی وتیشی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کوردایەتی زیندوو دەکاتەوەو کەرامەت و ئاسایشی میلەتەکەمان دەپارێزێت، سەرکەوتنەکانی یەکێتی لەرابردوودا رێکەوت نەبوون و بەپلان و بەرنامە کاردەکات، هەربۆیە نەیارەکانمان لەیەکێتی رادەکەن و لێمان تۆقیون، لەئێستاشدا یەکێتی گەڕاوەتەوە سەر رێبازەکەی خۆی و شۆڕشێک دەستیپێکردووە کە ئەژنۆی نەیارەکانمانی شکاندووە".
لەبارەی پێکهاتەکانیشەوە سەرۆکی یەکێتی وتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت، ئێمەش دەمانەوێت پێکهاتەکان خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، چونکە پێکهاتەکانیش خاوەنی هەولێرن".
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیاوازی لەنێوان شەهیدەکانی کوردستاندا ناکەین و دەزانین کەسوکاری شەهیدەکانی پارتیش دژی خاک فرۆشتنن و لەئازارەکانیان تێدەگەین"، رووی لە پارتییەکانیش کردو و پێی راگەیاندن: "بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکانتان یان دەنگ بەئیمە بدەن یان دەنگ بەپارتی مەدەن".
ناوبراو وتیشی: "کەمینەیەکی ناو پارتی لێمان تێناگەن و ئەو گەندەڵییەی دەیکەن بنەبڕی دەکەین و فێریان دەکەین ئەوان بەشەرن فیرعەون نین"، وتیشی: "پارتی بەترساندن و هەڕشەکردن لەخەڵک دەنگ بەدەستدەهێنێت".
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتیشی: "پارتی و بارزانییەکان و شێخەکانی بارزان ناتوانن بۆچونی خۆیان دەرببڕن، بشێوەیەک خەریکە بارزانی و دیکتاتۆر دەبن بەیەک وشە، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرامبەر خراپییەکانی پارتی بەرامبەر بە کادرەکانمان هیچ ناکەین و هەڵە بەهەڵە وەڵام نادەینەوە، ئایا جنێودان بەماڵ و منداڵم رەوشتی بارزانییەکانە؟، ئەمە لەکاتێکدایە کەمینەیەکی ناو پارتی ئامادەنین لەگەڵ حزب و خەڵکی کوردستان رێکبکەون، بەڵکو دەیانەوێت لەگەڵ جنێوفرۆشەکان رێکبکەون".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا تاڵەبانی جەختی کردەوە: "تەماشای یەکێتی بکەن چەند بەهێز بووە و بەسێ ساڵ پارتیمان خستەسەر ئەژنۆ، چوونکە کەمینەیەک پارتی خنکاندووە و خراپترین دوژمنی تاکڕەویم"، هەروەک روویکردە هەولێرییەکان و وتی: "داواتان لێدەکەم وەک هەولێرییەک قبووڵم بکەن".
Your Comment