خەڵکێکی زۆرمان بەهۆی هەڵەکانی خۆمانەوە لەدەستدا

سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە بازنەی هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بزووتنەوەکەیان لە هەولێر، رایگەیاند بەهۆی هەڵەی بزووتنەوەکەیانەوە، خەڵکێکی زۆریان لە بزووتنەوەکە لەدەستدا و ئێستاش هەست بە شەرمەزاریی دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی شەممە، ۱۲ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکەم بانگەشە و هەڵمەتی ناساندنی بەربژێرەکانی لە بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر ئەنجامدا.

لە گوتارێکدا، هێمن شێخانی، سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە بازنەی هەولێر رایگەیاند، ئەوان خەڵکێکی زۆر بەهۆی هەڵەکانی نێوخۆیان و هەروەها بەهۆی هەندێ دۆخەوە، لەدەستداوە.

شێخانی لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "ئێمە شەرم دەکەین بەوەی زۆر هەوڵماندا ئەم بارودۆخە بگۆڕین، زۆر قوربانی درا بەرەو باشتر هەنگاو بنێین. خەڵکانێکی زۆر کە گۆڕان نەبوون، هەڵگری بیری گۆڕانخوازیی بوون لەگەڵمان بوون. برا و کەس و هاوڕێ و خێزان و خەڵکانێکی زۆرمان بەهۆی هەڵەکانی خۆمانەوە لەدەستماندان. ئێمە شەرم دەکەین و شەرمەزاریین بەرامبەریان کە هەندێ بارودۆخ لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە روویدا، کە نەدەبوو رووبدەن".

رۆژی پێنجشەممە، ۱۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگەیاند.

لەبارەی، سیاسەتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە پارێزگەی سلێمانی رایگەیاند "گۆڕان بە ئۆپۆزیسیۆنی لەدایکبووە، هەر بە ئۆپۆزیسیۆنییەوە جوانە و هەر لەسەر ئەو رێگەیەش بەردەوام دەبین".

بەبڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو ۱۵ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، پێنچ رۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ۲۰ی ئەم مانگە.

News Code 224215

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha