بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە دیبەیتێکدا لەگەڵ رڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە لەژێر دەسەڵاتی کۆمسیۆنەکەی پارتی و یەکێتی نییە و یەکەم هەڵبژاردنە بە زۆر بە یەکێتی و پارتی ئەنجام دەدرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری دەکات.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی و یەکێتی خراپەکاریی نەماوە بەرامبەر بە هاوڵاتیان نەیکەن، ئەگەر هاوڵاتیان دەیانەوێت رزگاریان بێت ئەوا پێویستە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هاوڵاتیان دەزانن هەڵوێستی نەوەی نوێ چۆنە و بە ئەزمون سەلماندویانە لەگەل خەڵکدان و نەوەی نوێ هەرگیز هەڵەی لایەنەکانی تر دوبارە ناکاتەوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "هاوڵاتیان بەشداریی بکەن و دەنگ بدەنە نەوەی نوێ، بە دڵنیاییەوە حکوومەت دەگرینە دەست، نەهێشتنی بێکاریی گەنجان یەکەم کارمان دەبێت و لە رێگەی بوژانەوەی سێکتەرەکانەوە هەلی کار و دامەزراندن بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێنین، قەرزی بچوک دەدەین بەو کەسانەی خاوەن بیرۆکەی کارن".
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد، بەڵێنەکانی نەوەی نوێ بەشێکی پەیوەستە بەوەی هێزی یەکەم بن و حکوومەت بگرنە دەست بە بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن و سەرخستنی نەوەی نوێ تەواوی بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن، لە هەرێم و بەغدا داوایان لێکرا بەشداری حکوومەت بکەن بەڵام رەتیان کردەوە، نەوەی نوێ ئامادە نەبو لە پەرلەمانێکی نایاسایی دابنیشێت و پەرلەمانتارەکانیشیان خانەنشینییان رەتکردەوە، نەوەی نوێ بەشداری چەندین هەڵبژاردنی کردوە و پلە و پۆستی رەت کردوەتەوە.
شاسوار عەبدولواحید وتیشی: "ئەگەر هاوڵاتیان دەیانەوێت یەکێتی و پارتی نەمێنن پێویستە هاوڵاتیانی ناڕازی دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ، بە دڵنیاییەوە لەم هەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی زۆر زیاتر دەبێت و هەر لە سەرەتاوە هەڵگری دروشمی لابردن و جێگرتنەوەی پارتی و یەکێتی بوین".
لەبارەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەی خستەڕو، هێزە ئەمنییەکان هەمویان سەر بە پارتی و یەکێتی نین و بەشێکی زۆریان دژی دەسەڵاتن، لە هەڵبژاردنی پێشو لە کۆی ٣٨٠ هەزار هێزی ئەمنی پارتی و یەکێتی، تەنها ٨٠ هەزار دەنگیان هێناوە، پارتی و یەکێتی لاواز بوون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەریان گۆڕاوە.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، لەهەمو هەڵبژاردنێک پارتی و یەکێتی شەڕێکی میدیایی ساختە دروست دەکەن، بەڵام پارتی و یەکێتی ئەگەر دەنگ بهێنن لە دوای هەڵبژاردن دەست دەخەنە ناو دەستی یەکتر و پۆستەکان دابەش دەکەنەوە.
شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، بەهۆی جەلالی و مەلاییەوە 60 ساڵە کورد پەرتپەرت بوە و نەحەساوەتەوە، ئەگەر پارتی و یەکێتی بمێننەوە مووچە نامێنێت و بارودۆخ زۆر خراپتر دەبێت.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، "بافڵ تاڵەبانی کەی توانی کێشەکانی ناو خێزانەکەی چارەسەر بکات ئەوکات دەتوانێت کێشەی خەڵک چارەسەر بکات، شەش ساڵە براکەی سەرۆکی یەکێتی جێگری سەرۆکی حکوومەتە ئەگەر دیسانەوە دەربچێتەوە چی پێ دەکرێت؟ شەش ساڵە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتە چی پێ کراوە؟".
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، ماڵی بارزانی و تاڵەبانی رێککەوتون و داهاتی هەرێم لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، ئەو باج و داهاتەی دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو، پارتی و یەکێتی هەرچیان وت و بەڵێنی هەرچیاندا درۆ دەکەن، دەسەڵاتێک منداڵ و کاسبکار بکوژێت من چۆن رێزی لێبگرم و قسەی زبر لەدژی نەکەم؟
لە کۆتایشدا شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند: "وەکوو نەوەی نوێ تەنها لە خودا و خەڵک نزیکین، ئەگەر دەسەڵات بگرینە دەست، باج لەسەر هاوڵاتی کەم دەکەینەوە و لە قەرزەکانیان خۆش دەبین، لەگەڵ بەغدا ڕێکدەکەوین بۆ تەوتین و چارەسەرکردنی مووچە، خزمەتی سەرجەم شارەکان دەکەین و پڕۆژەمان بۆ گەنج دەبێت و هەرگیز کارێک ناکەین متمانەی هاوڵاتیان بدۆڕێنین".
Your Comment