جەخت لە ژینگەیەکی ئارامی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەینەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف دەكەن و چاوەڕوانی بانگەشەیەکی هێمنانە و ڕێزدارانەن بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێشوازی لە دەستپێکردنی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە بڕیارە لە ۲۰ی (تشرینی یەکەم/۱۱)ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و چاوەڕوانی بانگەشەیەکی هێمنانە و ڕێزدارانەن بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، یونامی جەخت لە ژینگەیەکی ئارامی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکاتەوە کە دوور بێت لە توندوتیژی و تۆقاندن، هەروەها بەشداربووانیش سەرنجیان لەسەر کێبڕکێی ئاشتیانەی دیدگا و بەرنامەکان بێت، بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن بڕیاری هۆشیارانە لەسەر سندووقی دەنگدان بدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، یونامی داوا لە هەموو کاندیدەکان و ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکە و میدیاکان دەکات کە بەشداربن لە فەراهەم کردنی ژینگەیەکی ڕێزدار و گشتگیر و گفتوگۆی کراوە بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان.

یۆنامی باسی لەوەش كردووە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنانە متمانەپێکراو بن زۆر گرنگە کە ژینگەیەکی سەلامەت دابین بکرێت و پێشوازیەکی باش لە هەموو کاندیدەکان و دەنگدەران بکرێت، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە زۆرجار لە کاتی پرۆسەکانی هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە، هەر ناکۆکییەک کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەبێت، پێویستە لە ڕێگەی میکانیزمە بەردەستەکانەوە چارەسەر بکرێت بە تایبەتی ئەو میکانیزمانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دانراون.

بەگوێرەی ڕاگەیه‌ندراوەكە، یونامی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف کە ڕەنگدانەوەی خواستی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.

News Code 224129

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha