بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی له په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، رایگه‌یاند: "سبه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ست پێده‌کات، داوا له هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌م پابه‌ندى یاسا و ڕێنمایییه‌کانى کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان بن، بانگه‌شه‌یه‌کى ئارام و شارستانى به‌ڕێوه‌ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن که جێی متمانه و چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، بانگه‌شه‌یه‌ک بێت، نەبێتە مایەی گرژیى نێوان لایه‌نه‌کان و دابه‌ش کردنى کۆمه‌ڵگه، وێنه‌یه‌کى جوانى هه‌رێمى کوردستان نیشان بدات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى کولتورى ده‌وڵه‌مه‌ندى پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کترقبوڵکردن و فره‌ڕه‌نگیى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان و پێکهاته‌کانى بێت.
نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت: "ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەکان و لیست و کاندیده‌کاندا هەیە، هه‌موان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانیان بکه‌ن، ڕه‌خنه بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هیچ که‌س و لایه‌نێک ڕێگه به خۆى نه‌دات ڕق و کینه بڵاو بکاته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌تایبه‌تى جه‌خت له پێویستیى پاراستنى ڕێز و پێگه‌ى ئافره‌ت ده‌که‌مه‌وه. پاراستنی ژنان بەگشتی و کاندیدبونیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی له په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: "لایه‌نه سیاسییه‌کان و کاندیدان، دوژمنى یه‌کتر نین، به‌ڵکو ڕکابه‌رى سیاسیى یه‌کترن، هه‌مویان لە کوردستانیبوندا هاوبەش و هەمومان چارەنوسمان پێکەوەیە، بۆیه ئه‌رکى هەموانه پێکەوە هەوڵ بدەین پڕۆسەیەکی دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە ببەین".
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: "دوای هەڵبژاردن براوەکان دەبێت جارێکی دیکه پێکەوە دابنیشنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆنیش، هەر دەبێت لە بواری یاسادانان و چاودێریکردندا، هەڵسوکەوت لەگەڵ حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن".
نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه‌ش کرد: "پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، ڕوویه‌کى گه‌ش و بنەمایەکی بەهێزی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە، هەمومان پێکەوە، خاوەنی هەمو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستانین. پاراستنى ئه‌و پێکه‌وه‌ژیانه، ئه‌رکى هه‌مومانه، بۆیه پێویسته له بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ڕێز له پیرۆزى و هێما و سیمبۆلى کوردستان و هه‌مو پێکهاته‌کانى بگیرێتن ئێمه پشتیوانى لە ئیرادەی ئازادی هەمو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، دامودەزگا و لایەنە ئەمنییەکانیش، ده‌بێت پارێزگاری لە بەڕێوەچونی ئاشتییانە و بێ کێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بکەن".
ناوبراو وتیشی، "ئێمه له سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان، ماوه‌یه‌کى زۆر له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کان بۆ نه‌هێشتنى ناکۆکى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ریکى گفتوگۆ بوین، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دواخستیندا نه‌بوین، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى هه‌رێمى کوردستان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن به به‌شداریى هه‌مو لایه‌نه سیاسییه‌کان و پێکهاته‌کان به‌ڕێوه‌بچێت، به ناچارى چه‌ند جارێک دوامانخست".
نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت: "سه‌نگ و پتەوبوونی پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان و نوێبونەوەی ڕه‌وایه‌تیى دامه‌زراوه‌کانمان، به ئه‌نجامدان و سه‌رکه‌وتنى هه‌ڵبژاردنێکى پاک و ئازاده‌وه به‌نده، بۆیه له هه‌مو شوێنێک چاوى دۆستانمان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه و ئه‌رکى هه‌مومانه پێکه‌وه کار بۆ سه‌رکه‌وتنى بکه‌ین".
ئه‌وه‌شی وت، "هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێکى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و یارمه‌تیده‌رێکى گرنگه بۆ پته‌وکردنى سیستمى دیموکراسى و دامه‌زراوه‌یى و چاکسازى، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى هه‌رێمى کوردستان و جێبه‌جێکردنى سیستمى فیدراڵى و مسۆگه‌رکردنى مافه ده‌ستوورییه‌کانى گه‌لى کوردستان".
Your Comment