بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی ئەمشەوەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات".
دادوەر عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بانگهشهی هەڵبژاردن كۆتایی دێت.
هەروەها کۆمسیۆنی عێراق داوا لە کاندید و لایەنەکان دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بن.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و دەنگدانی تایبەتیش ڕۆژی ١٨ بەڕێوەدەچێت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ یان دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠یان دەنگدەری تایبەتن.
هەروەها بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ١٤٣١ بنکەی دەنگدان دەبن و ١٢٦٦ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و ١٦٥یان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
Your Comment