پزیشکیان لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر و سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی و حکوومی کۆ دەبێتەوە

کونسوڵی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حزبیدا کۆ دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د مه‌حموودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەردانەکەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بە مەبەستی فراوانکردنی پەیوەندیەکانە لەگەڵ وڵاتاندا و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، شاندە باڵاکەی ئێران دوای دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و واژۆکردنی یاداشتنامە جۆراوجۆرەکان، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

کونسوڵی ئێران لە سلێمانی باسی لەوەش کرد، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کۆ دەبێتەوە، پزیشکیان سەرلە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە دەگاتە هەولێر، نیوەڕۆکەی سەردانی سلێمانی دەکات لەگەڵ بافڵ جه‌لال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و بەرپرسانی حکومی و حزبیدا کۆ دەبێتەوە.

لەبارەی هۆکاری سەردانی پزیشکیان بۆ سلێمانی محه‌مه‌د مه‌حموودیان دەڵێت، "کوردستان دوو ناوەندی هەیە کە سلێمانی و هەولێرە، سەرۆک کۆمار سەردانی هەولێر دەکات و بڕیاری داوە سەردانی سلێمانیش بکات وەک ناوەندێکی هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو، سەردانەکەی سەرۆک کۆمار بۆ کوردستان هەڵگری پەیامی گرنگە بۆ هەموو لایەک و ئەو پەیوەندیانە لەسەر ڕەگوڕێشەی مێژوی، شارستانی و کلتوری دامەزراون.

کونسوڵی ئێران لە سلێمانی ڕوونی کردەوە، "هەوراز و نشێوی ناوبەناو هیچ زیانێک بە پەیوەندی و دۆستایەتیەکەمان ناگەیەنێت و هەروەک سەرۆک کۆمار وتی، پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان باشە و باشتری دەکەین".

News Code 224065

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha