سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

کونسوڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، مەسعوود پزیشکیان لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە سەردانەکەیدا چاوی بەرپرسانی حکوومی و حیزبی و کەسایەتی و پێکهاتە ئایینییەکان دەکەوێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەسروڵا ڕەشنودی، کونسوڵی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاندووە، سەردانى پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە لە گەشتەکەیدا بۆ تاران داوای لە پزیشکیان کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ناوبراو گوتیشى، ئەویش لەو ماوە کەمەدا کە لە هەولێر دەمێنێتەوە، لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و وەزارەتەکاندا چاوپێکەوتنی جیاوازی دەبێت و هەروەها لەگەڵ حیزبەکان و کەسایەتییەکان، نەتەوە و پێکهاتە ئایینییەکان و کەسایەتییە ئایینییەکان چاوپێکەوتنی دەبێت.

ڕەشنودی لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەکردووە، "دوای ئەوەش سەردانی سلێمانی دەکات و دەڕواتە سەر مەزاری سەرۆک کۆماری خوالێخۆشبوو بەڕێز تاڵەبانی و تاجەگوڵینە دادەنێت و کۆتایی بە گەشتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەهێنێت، سەردانی نەجەف و کەربەلا و بەسرەش دەکات".

ناوبراو ڕوونیشی کردووەتەوە، گرنگترین دەستکەوتی گەشتەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لە بوارە جیاجیاکاندا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان سنوورێکی درێژ و دەروازەی جۆراوجۆرمان هەیە، کە لایەنی ئابووریی و کولتووریی و مێژوویی و بازرگانیی دەبنە جێگای سەرنجی بەڕێز سەرۆککۆمار، ئەوەش سیاسەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دراوسێکان، کە عێراق یەکێکە لە وڵاتە دراوسێکان و هەرێمی کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدایە، بۆ ئەوەش دەبێتە جێگای سەرنجی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران.

News Code 224064

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha