دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پێچەوانەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیە

په‌رله‌مانتارێکی‌ پارتی‌ دەڵێت نه‌بوونی‌ سیوله‌ و زیادبوونی‌ پارەی‌ مووچه، تەنها‌ بیانووە بۆ نه‌ناردنی‌ مووچە‌ی‌ مووچە‌خۆرانی‌ هه‌رێمی کوردستان.

سیپان شێروانی ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق له ‌فراکسیۆنی‌ پارتی‌ ده‌ڵێت: نزیکەی مانگێکە بەبێ هێچ بەربەستێکی یاسایی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواخراوە، ئەم کارە پێچەوانەی دەستوور و یاسای بوودجە و بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی لەبارەی مووچەوەیە.

هەموو ئەو بەهانانەی باس لە نەبوونی سیولە، زیادبوونی کۆی گشتی خەرجی مووچەی هەرێم دەکەن لە روانگەی یاسایی موازنەی بەرکارەوە هیچ بەهایەکیان نییە، چونکە حکوومەتی هەرێم مافی دارایی زۆر زیاتر لەمووچەی لەبوودجەی فیدراڵیدا هەیە لەنێویدا خەرجی بەگەڕخستن، خەرجی وەبەرهێنان‌و پەرەپێدانی پارێزگاکان.

بۆیە بەدڵنیاییەوە زۆر ئاسایی ‌و یاساییە ئەگەر کۆی خەرجی مووچەی هەرێم لە ۹۵۰ ملیار دینارەوە بکرێتە یه‌ک ترلیۆن دینار، لە۱۲.۶۷%ی پشکی هەرێم لە خەرجیاتە ۲۱۲ ترلیۆنییەکەی بوودجەی ۲۰۲۴دا ئەم بڕە تەرخان دەکرێت.

هەروەک ڕونە کۆی پشکی هەرێم لەبوودجەی ۲۰۲۴ی فیدراڵی زیاتر لە۲۰ ترلیۆن دینارەو حکوومەتی هەرێم مافی ئەوەی هەیە کە چ بڕێک بۆ مووچە یان بۆ وەبەرهێنان یان هەر جۆرە خەرجییەکی تر دابنێت بەمەرجێک لە ۲۰ ترلیۆنەکە زیاتر نەبێت (پاڵشت بەبڕگەی یەکەم‌و سێیەمی مادەی ۱۲۱ی دەستوور) بۆیە ئەگەر کۆی خەرجی مووچەی هەرێم بکاتە ۱.۰۵ ترلیۆن ئینجاش لەساڵێکدا یەکسان دەبێت بە۱۲.۶ ترلیۆن دینار، ئەمە لەحاڵەتێکدایە کەشه‌ش مانگی یەکەمی ئەمساڵە کۆی مووچەی هەرێم مانگە ۹۵۰ ملیار بوە واتە لەشه‌ش مانگدا یەکسان بوو بە۵.۷ ترلیۆن دینار، بەڵام بەهۆی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان (کە ئەمەش لەدوای بڕیارێکی دادگای باڵایەوە دێت) کۆی مووچەی هەرێم زیاد دەبێت بۆ ۱.۰۵ ترلیۆن دینار واتە لەشه‌ش مانگی دوەمی ئەمساڵدا یەکسان دەبێت بە۶.۳ ترلیۆن دینارو لەکۆتایشدا کۆی خەرجی مووچەی هەرێم بۆ ساڵی ۲۰۲۴ یەکسان دەبێت بە۱۲ ترلیۆن دینار.

ئەم ژمارانەی سەرەوە پێمان دەڵێن کە ئەم گۆڕانکاریانە لەخەرجی مووچەی هەرێم ئاساییەو یاساییەو هێشتاش هەرێم مافی هه‌شت ترلیۆنی دیکەشی لەبوودجەی ۲۰۲۴ى فیدراڵی هەیەو بۆیەش دوپاتیدەکەمەوە کە هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ئەوانەشی کە هۆکاری دواخستنی مووچە دەخەنە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم‌و گوایە هەرێم بەرپرسە، ئەوا یان کاڵفامن‌و لەئەلف‌و بێی دەستوورو بوودجەو یاسا نازانن، یانیش ئەوانەن کە ئیفلاسی سیاسیان هێناوەو هیچ ڕێگه‌یەک بۆ تەرویج شکنابەن، دێن هانی بەغدا دەدەن مووچەی میللەتەکەیان ببڕێت تا بیخەنە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم بۆئەوەی بۆشاییەک بۆ مانەوەی خۆیان بدۆزنەوە، ئەگەرنا بەس یەک ڕۆژ لایەنە کوردییەکان واز لەڕکابەری ناشەریفی حزبی ‌و خستنە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم لەپێناو بەرژه‌وەندیی حزبی بێنن، ئەوا تەحەددا دەکەم پیاو هەبێت جورئەت بەخۆی بدات مووچەی هەرێم ببڕێت، لەخۆڕا نەوتراوە دار کرمی لەخۆی نەبێت، تەمەنی هەزار ساڵ دەبێت!!

News Code 223971

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha