بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە کاتی سەردانی کردنی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی قەزای زاخۆ، دەربارەی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: "هیچ کێشەیەک سەبارەت بە دابین کردنی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە نییە و دابین کردنی بوودجەش بۆ فەرمانبەران بەردەوامی هەیە، داوای لێبووردنیش دەکەین هەندێ جار مووچە دوادەکەوێت، بەڵام پێم وانییە کێشە بۆ پرسی مووچە دروست بێتەوە".
بارزانی وتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە و دەمانەوێت هەموو ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستوورێکی عێراقدا چارەسەر بکەین".
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند: "تا ئێستا شتێکی وا نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام کێشە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و ئامادەیە بۆ هەناردەکردن".
Your Comment