کوردپرێس
هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا گۆڕانکاری بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیوە. بلۆک کردنی ڕێڕەوە ئابوورییەکان لەڕێگای ڕاگرتنی هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەش بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس لە ۲۵ی ۳ی ۲۰۲۳ سەرەتای ئەم گۆڕانکارییە بەرفراوانە بوو لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ۳۰ی ۵ی ۲۰۲۳ دوای دوو مانگ لە قەیرانی ئابووری کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردە کردنی نەوتەوە دروستبوو، کاریگەری لەسەر شەرعیەتی دامەزراوە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کرد. هەڵوێستی بەشێک لە ڕەوتە سیاسی و سەرکردە و کاربەدەستەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دۆخی هەرێمی ئاڵۆزتر کرد و ئەو هەرێمە بە شێوەیەک تووشی قەیرانی سیاسی بوو. بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سەرکردەکانی یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراقیان بە نادروست زانی و ئەم دادگایەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە درێژەدەری ڕژێمی بەعسەوە و بە دادگای "ثورە"یش ناویان لێهێنا.
هەڵوێستی توند بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ئامادەنەبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی حکوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە گرنگە ئابووری و سیاسییەکان، گۆڕانکاریی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا. تا ئەو ڕادەیەی کە زۆرێک لە چاودێران و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە کە پێکهاتەی هەرێمی کوردستان لاواز بووە و دەسەڵاتەکانی لە قاڵب دراون. پێش ئەم ڕووداوانە پێگەی سیاسی هەولێر زۆرێک لە چاودێران و لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستانی تووشی سەرسوڕمان کردبوو. هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە سیستەمێکی فیدراڵیدا و وەک هەرێمێک لە عێراقی فیدراڵیدا پێناسە دەکرا، بەڵام لە ڕاستیدا حکوومەتێکی نیوەسەربەخۆ بوو و دەسەڵاتێکی زۆر بەم پێکهاتە سیاسییە عێراق درابوو. بەڵام ئێستا پاش هەڵوێستە سیاسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە ماوەی ١٦ مانگی ڕابردوودا، ئەو شوێن و پێگەیەی خۆی لەدەست داوە.
شادمان مەلا حەسەن ئەندامی بەرەی گەل لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپرێسدا وێڕای ئاماژە کردن بە پاشهاتی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و ئەو گۆڕانکارییانەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا ڕوویداوە باسی لە دۆخی ئێستا هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی دابێی پەرلەمانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ئێستا لە هەرێمی کوردستاندان کۆمەڵێک گۆڕان هاتۆتە ئاراوە واتا دادگای فیدارڵی بە کۆمەڵێک بڕیار هەرێمی کوردستانی بە جۆرێک لە قاڵب دا، هەرێمی کوردستان پێشتر لە ڕووی سیاسییەوە و کۆمەڵێک دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو. ژمارەیەک لە گرینگترین گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان کە لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم ڕوویانداوە بریتن لە:
- ڕاگرتنی هەناردەی نەوت
- هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان
- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان
- هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم
- گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چواربازنەیی
- کەم کردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ۱۱۱ کورسییەوە بۆ ۱۰۰ کورسی
- بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
-بڕیاری ڕێکخستنەوەی مووچەی کارمەندانی حکوومی و هێزە ئەمنییەکان هەرێم لە بانکە عێراقییەکان
بەپێی یاسای بنەڕەتی، هەرێم دەبێت بخرێتە سەر پێوەندیی هەرێم و پێوەندیی ناوەند وەکوو پێوەندیی هەرێمێکی فیدراڵ و ناوند ڕێکبخرێت بەپێی ئەو بەندە دەستوورییانەی کە هەیە.
Your Comment