دەسەڵات بۆچی لە هەڵبژاردن تۆقیوە؟/لەشکر فایەق​​​​​​​

لەماوەی ۳٣ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵات هەمیشە لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک تۆقیوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو دەبینین کە لە مێژووی یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە کە لە (١٩/ ٥/ ١٩٩٢)،دا ئەنجامدرا دەسەڵات کە پێک هاتووە لە  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ترسێکی یەکجار زۆریان هەبووە لە دەنگی ناڕازی خەڵکی کوردستان و هەر جارە و بە بیانویەک و بە فێڵێک و تەکنیکێکی نوێوە هەوڵیان داوە هەڵبژاردنەکان و دەرئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتای پێبێن.

سەرباری ئەو هەمووە ڕێگا جیاوازانەی کە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا گرتویانەتەبەر بۆ ساختەکاری لە هەڵبژادنەکاندا، بەڵام هەمیشە ژمارەی دەنگەکانیان کەمی کردووە. هەر بۆیەش هەمووجارێک هەڵبژاردن بۆ ئەو دووحیزبە دەبێتە کابووسێکی گەورەو توشی جۆرێک لە شۆک و شەلەلی سیاسیان دەکات کە نەتوانن لەکاتوو ماوەی  دیاریکراوی خۆیدا ئامادەبن و پابەندبن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا. بەزارەکی تەواوی پاساوەکانی هەردوو حیزب لە دواخستنی هەڵبژاردن ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانە، بەڵام لە پشتەوە و لە واقیعدا ترسی هەردوو پارتە لە شکستی سەخت و سزادانیان لە لایەن دەنگدەرانەوە، ئەوەش بەهۆی کارە چەوتەکانیان و نەزانینی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕابردوودا.

لە سەرەتای پێکهاتنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، پارتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کابینەیەکی تەواو جیاواز دەبێت لەوانی پێشووتر، هەموو دروشمەکانی ئەم کابینەیە بریتی بوو لە چاکسازی و بەهێزبونی هەرێمی کوردستان، بینیمان چاکسازییەکانی ئەم کابینەیە نەک هەر نەیانتوانی ژیانی هاوڵاتیان باشتر بکەن، بگرە ملیاران قەرزی دەرەکی دیکەی هێنایە سەر هەرێم و موچەی چەندین مانگی هاوڵاتیانیشی دیزە بەدەرخۆنەکرد. ماوەی ساڵێکە ئەم کابینەیە بەسەرچوە، دوای دەیان کۆبونەوە و دەیان بەیاننامە لە سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنەکانی بەشدار لەم کابینەیەدا چەندین جار بڕیاریان داوە و ڕۆژی هەڵبژاردنیان دیاریکردوە، بەڵام هەرجارەو بە بیانویەک هەڵبژاردنەکە دوادەخەن، وەک ئاماژەشمان پێدا ئەسڵی بیانوەکانیان تەنیا ترسە لە شکستێکی قورس و لەدەستدانی ئەم حەجمە بچوکەی کە ئێستاش هەیانە!


 

News Code 223704

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha