بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "دەستەڵات هەلی قۆستووەتەوە و خەڵکێکی باشی لە دەنگدەری تازە دامەزراندووە، پێدەچێت لەم ڕووەوە چاویان لە دەنگی دەنگدەری تازە بێت. ئۆپۆزسیۆن چوار ساڵە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت و چاوی لە دەنگی دەنگدەری تازەیە، هەرچەندە پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن ئەوانیشی نیگەران کردووە".
وتەبێژەکەی کۆمەڵ وتیشی: "پلان و ئەجێندای ئۆپۆزسیۆنیش بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەری نوێ و زویرە لە دەسەڵات، گەر نا ئێمەش دەمانتوانی دەسەڵات هەڵبژێرین و وەکوو لایەنەکانی ناو دەسەڵات سوودمەند بین".
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق تا ئێستا ئامارێکی نوێی لەسەر ژمارەی دەنگدەری نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڵاو نەکردۆتەوە بەڵام پێشتر ڕایگەیاندووە بەکۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ۳ ملیۆن و ۷۸۹ هەزار دەنگدەر هەن، وە لەو ژمارەیەش زیاتر لە ۲ ملیۆن ۹۰۰ هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە و ئامادەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
ڕۆژی یەکشەممە، ۲۳ی شەشی ۲۰۲۴، لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، فازڵ بەشارەتی سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردەوە، "دەنگی زۆربەی دەنگدەرە تازەکان بۆ یەکێتی و پارتییە، چونکە ئەم دوو حزبە بەدیلییان نییە".
بەڵام بەرێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کار لەسەر پرۆسەکە و ئەنجامدانی ڕاپرسی دەکەن، پێیوایە زۆربەی دەنگی دەنگدەری تازە بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڕوات.
ئارام جەمال بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "زۆربەی دەنگی دەنگدەری تازە بۆ ئۆپۆزسیۆن دەڕوات و بەشێکیشیان ڕەنگە دەنگ نەدەن، یەکێتی و پارتیش هەندێک لایەنگری گەنجیان هەیە".
بڕیاربوو ڕۆژی ۱۰ی شەشی ۲۰۲۴، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام دوای ناڕەزایەتی توندی پارتی و بڕیاری بەشداری نەکردنی، پرۆسەکە پەکی کەوت. دواتر سکاڵایەکی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق، بووە هۆی ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردن دیاری نەکردووە لە کاتێکدا گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەردەوامن.
وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی و پارتی لە ململانێدان لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەسەرەتای مانگی ۱۰ی ئەمساڵ، بەڵام پارتی دەیەوێت لە کۆتایی مانگی ۱۰ یاخود سەرەتای مانگی ۱۱ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.
محەمەد حەکیم ڕایگەیاند: "خاو و خلیچکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەرەو ئەولاتر بڕوات".
هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆتایی مانگی پێنجی ۲۰۲۴، داوای دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام ڕوون نییە کەی وادەی هەڵبژاردنەکە دیاریدەکرێت.
سەرباری ئەوەی بەرپرسانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەبەوەدەکەن بۆ دیاری کردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن ڕاوێژ لەگەڵ حزب و لایەنەکان دەکەن، بەڵام محەمەد حەکیم دەڵێت،: "لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە تەلەفۆن قسەکراوە، بەڵام بابەتەکە لای یەکێتی و پارتییە و ئەزیەت کێشانی ناوێت، گەر پارتی و یەکێتی هاوڕابن و حزبەکانی تر ناڕازی، ئەوان بیانەوێت هەڵبژاردن دەکەن".
Your Comment