پارتی دیموکرات لە باشترین كاتی پەیوەندییەكانیدایە لەگەڵ ئێران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی لقی چواری پارتی رایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە ئێستا پارتی لە باشترین كاتی پەیوەندییەكانیدایە لەگەڵ ئێران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەی و كۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند: "هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێران زۆر پێویستە بۆ ئێران لە ڕووی ئابووری و ئەمنی و هەتا لە ڕووی فەرهەنگییەوە".

ئاری هەرسین وتووشیەتی: "ئێران مافی خۆیەتی كە بە ئێمە دەڵێت، نابێت بەشێک بن لەو موئامەرەیەی لەسەر ئەمنیەتی ئێران دەکرێت. حەقە ئێران ماف بە ئێمەش بدات پێییان بڵێین، ئێران نابێت بهێڵێت هێزێکی وەکوو پەکەکە کە ڕێککەوتنی تایبەتی هەیە لەگەڵ ئێران، خۆی بە عەنتەر بزانێت لە هەرێمی کوردستان و خەڵک نەتوانێت بچێت پیاسەیەک بە قەندیل و پشدەر و شارباژێردا بکات لەبەرئەوەی برادەرانی پەکەکە لەوێ حاکمن".

بەقسەی ئاری هەرسین "ئەمریکا پشتی کورد ناگرێت لە سووریا بەڵکوو ئیشی بە وەرەقەی کوردە لە سووریا، دوای ئەوەی کە ئیشی بە کوردی سووریا نەما شەقێکی تێهەڵدەدا".

هەروەها وتووشیەتی: "ئێمە تەڵاقی سیاسیمان ناکەوێ ئەگەر لێرەوە هەستین بچین بۆ تاران دانوستان لەگەڵ ئێران بکەین، تەڵاقی سیاسیشمان ناکەوێ ئەگەر بچینە ئەنقەرە یاخود لە هەولێر پێشوازی لە ئەردۆغان بکەین".

بەرپرسی لقی چواری پارتی لەبارەی مامەڵەكردنی تورکیا لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی وتویەتی: "تورکیا بەڕوونی وتویەتی، بنکە و بارەگای پەکەکە لە شارەزوور، پشدەر، شارباژێڕ هەیە، مەعقوول نییە ئێوە دوژمنی ئێمە داڵدە بدەن، بۆیە لەبری ئەوەی تورکیا بێت سەنتەری شاری سلێمانی بۆردوومان بکات، هاتووە ڕێگە لە فڕۆکەی خۆی و ئاسمانی خۆی دەگرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و گەمارۆی لەسەر داناوە".

ناوبراو وتووشیەتی: "ئەم پەکەکەیە دەبێت واز لە هەرێمی کوردستان و یەکێتی-ش بهێنێ، ئێمە خۆمان بە هەزار حاڵ لەناو خۆماندا مەرحەبایی یەکتر دەکەین ئێستا ئەم بەڵای ناگەهانەشمان بۆ هاتووە".

ئاری هەرسین لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتویەتی: "لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی بە نیازبوون بەهۆی هەڵبژاردنەوە بەرامبەر ئێمەی بکەن، هەڵوێستە مەبدەئیەکەی ئێمە وایکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران حساب بۆ ڕەئی ئێمە بکات، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە هەم بۆ ئێمەو هەم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش".

ئەوەشی خستۆتەڕوو: "ئێمە ئێستا وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە خۆشحاڵیەوە لە باشترین کاتی پەیوەندییەکانمانین لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئینشائەڵا هەرواش دەمێنێتەوە".

News Code 223691

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha