بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و دیالۆگی جدیی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپات کرایەوە بەشێوەیەک دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ڕەچاو بکرێت.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە مێژویەکی دێرینی هەیە، خواستی یەکێتیشی بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان دووپاتکردەوە بەشێوەیەک لەخزمەت بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بێت.
لای خۆیەوە عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت سوپاسگوزاریی گەل و وڵاتەکەی بە سەرۆکی یەکێتیی و هەرێمی کوردستان گەیاند لەبەرامبەر هاوخەمی و بەشدارییان لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی و یاوەرانی، هەروەها بەردەوامیی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، جگەلەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی یەکێتیی لە ناوچەکە بەرز نرخاند.
عەلی باقری وتیشی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێزەوە لە ڕۆڵی مام جەلال دەڕوانێت لە بونیادنانی عێراقی نوێ و پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە ئێمە پابەندین پێوەی، بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگییەکانی نێوانیشمان لە بوارە جیاوازەکاندا فاکتەرە بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە".
Your Comment