وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌وه‌کاله‌ت سه‌ردانی عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌کات

بەشی ئێران- بڕیاره‌ عه‌لی باقری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ وه‌کاله‌ت ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بە سه‌ردانێکی دوو ڕۆژه‌ بگاته‌ عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،دوای سه‌ردانه‌که‌ی بۆ سوریا و لوبنان و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌دا، عه‌لی باقری سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات، له‌و سه‌ردانه‌شدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق کۆده‌بێته‌وه‌.

لەمبارەوە باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، له‌م سه‌ردانه‌دا، پرسه‌ دووقۆڵییه‌کان و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا تاوتوێ ده‌کرێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دوایین پرسه‌کانی ناوچه‌که‌، له‌وانه‌ش پێشهاته‌کانی غه‌ززه‌ و فه‌له‌ستین.

باڵوێزی ئێران له‌ به‌غدا باسی له‌وه‌ش کرد، یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی ئه‌م سه‌ردانه‌، سوپاس و پێزانینه‌ بۆ به‌رپرسانی عێراق بۆ ده‌ربڕینی هاوسۆزی خۆیان له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت و گه‌لی ئێران دوای گیان‌له‌ده‌ستدانی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆک کۆمار و حسێن ئه‌میر عەبدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و شاندی یاوه‌رییان.

له‌لای خۆشیه‌وه‌، نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئێران رایگه‌یاندوه‌، دوای سه‌ردانه‌که‌ی بۆ به‌غدا، عه‌لی باقری رۆژی هه‌ینی سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌کات و له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم کۆ ده‌بێته‌وه‌، پاشانیش سه‌ردانی سلێمانی ده‌کات و له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ ده‌بێته‌وه‌.

News Code 223655

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha