بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا.
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەش کردوە، ئامانج لە سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا بەیەکەوە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ زیاتر درێژەدانە بە گفتۆگۆکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
ڕۆژی 28ی مانگی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: "داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە بە زوترین کات کۆبونەوەیەک لە بەغدا ئەنجام بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا".
لە وەڵامی ئەو داواکارییە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆ دەبنەوە، لە چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ رێککەوتن و دانوستان.
Your Comment