بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری دەرەوەی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا ڕاگەیاندووە: "ئەوەی ئێمە تێیگەیشتووین، خەرجی دەرهێنان و بارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە ۲۵ دۆلار، کۆمپانیاکان ئەوە قبووڵ ناکەت تۆ بێیت بەرمیلێک لە جیاتی ئەوەی نزیکی ۲۵ دۆلاری پێبدەیت، تۆ ۶ دۆلاری پێبدەیت".
وەزیری دەرەوەی عێراق، کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە، داوای چارەسەرکردنی ئەم پرسەی لە نیوان هەولێر و بەغدا کرد "بە گۆڕینی یاسای بودجە." بەڵام لە هەمانکاتدا ئاماژەیدا بەوەی کە گۆڕانکاری لە یاسای بودجە لە ئێساتا ئالۆزبووە بەهۆی کێشەکانی ناو پەڕلەمانی عێراق دوای دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان.
فوئاد حسێن وتیشی: "چارەسەرێکی تر بدۆزینەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق بگاتە ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ هەرێم تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە یاساکەدا دەکرێت. وەزیری نەوتی [عێراق] لەگەڵ شاندی جەنابی سەرۆکوەزیران دێت بۆ [واشنتن]، وە دەرفەت زیاتر هەیە باسی بکەین لەگەڵیان".
لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە کە ڕۆژی، ۲۵-۳-۲۰۲۴، ساڵێک تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دوای ئەوەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی یاسایی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلایی کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ۲۶-۳-۲۰۲۴، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت "بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بوودجە" پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی زیاتر ئاڵۆز کردووە.
Your Comment