کوردپرێس: تەلەفزیۆنی کوردستان ۲۴ ڕاپۆرتێکی نووسراوی بە دەست گەیشتووە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەی کردووە، تێیدا قەبارەی نەوتی بەرهەمهێنراو، شێوازی فرۆشتنی و داهاتەکەی خراوەتەڕوو.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ۲۵ی ئازاری ساڵی رابردوو، پرۆسەی بەرهەمهێنان لە ۱۴ کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە، بەڵام لەدوای ئەو بڕیارە پرۆسەی بەرهەمهێنان لە پێنج کێڵگە وەستێنراوە و تەنها لە نۆ کێڵگە پرۆسەکە درێژەی هەیە، ئەویش بە توانایەکی بەرهەمهێنانی سنووردار.
نەوت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ لە ۱ی نیسانی ۲۰۲۳ەوە تا ئێستا لەو نۆ کێڵگە نەوتییە توانراوە ۴۵ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت، لەو بڕەش ۱۱ ملیۆن و ۸۰۰ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە.
پرۆسەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ۲۵ی حوزەیرانی ساڵی ۲۰۲۳ەوە دەستی پێکردووە و تا سەرەتای مانگی ۱۲ی ساڵی ڕابردوو بەردەوام بووە، بەڵام بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، عێراق لەو ماوەیەدا هیچ بڕە پارەیەکی وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
کەمتەرخەمیی عێراق لە پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، وای کردووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ۱۲ی ساڵی ڕابردووەوە ڕادەستکردنی نەوت بە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕابگرێت.
کاتێک ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە، لە کۆی قەبارەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان دەردەکەی، تەنها ۳۳ ملیۆن و ۹۰۰ هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
ئەو بڕە نەوتەش بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت، بەشێکی پشکی کۆمپانیاکانە کە %۴۵ و دەکاتە نزیکەی ۱۵ ملیۆن و ۲۵۰ هەزار بەرمیل و بەشەکەی دیکەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە کە نزیکەی ۱۸ ملیۆن و ۶۵۰ هەزار بەرمیل.
فرۆشتن و پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا
لەدوای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، بەرهەمهێنانی بەرهەمە سووتەمەنییەکان لەناوخۆدا زیاتر بوو، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕێگەی هەردوو پاڵاوگەی کار و لانازەوە ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزینی لەناوخۆ بەرزکردەوە و بەو هۆیەشەوە نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەو بڕە نەوتەی بەرهەمهێنراوە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت دراوە بە هەردوو پاڵاوگەکە و ئەوانیش بەنزینیان لێ بەرهەمهێناوە و بە نرخێکی گەنجاو خستوویانەتە بازاڕەوە. بەو هۆیەشەوە ئێستا نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ بۆ کەمتر لە ۷۸۰ دینار دابەزیوە.
لە ئەنجامدا ۱۷ ملیۆن و ۶۵۰ هەزار بەرمیل نەوت بە پوختی ماوەتەوە بۆئەوەی حکوومەتی هەرێم بیفرۆشێت، ئەو بڕەش بەشێوەیەکی تێکڕا بۆ هەر بەرمیلێک بە ۳۱.۳ دۆلار فرۆشتووە و داهاتەکەی بە گشتی ۵۵۲ ملیۆن و ۴۴۵ هەزار دۆلار بووە.
واتە بەشێوەیەکی تێکڕا داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کەمتر لە ۵۰ ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕەش تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا دراوە بە کۆمپانیای دانەغاز کە لە نێوان ۲۲ تا ۲۴ ملیۆن دۆلاری مانگانە بووە، هاوکات تێچووی پشتیوانییکردنی نرخی نەوتی سپی لێ دابینکراوە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان، کە لە زستانی ڕابردوودا سەرجەمیان نەوتیان پێ دراوە.
Your Comment