ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە هەشت کێڵگەی نەوتی بۆ حکوومەتی هەرێم ماوەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە هەشت کێڵگەی نەوتی کە ١١ کۆمپانیا کاری تێدا دەکەن زیاتر لە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی حکوومەتی هەرێم بووە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، جگە لە بەرهەمی شەش کۆمپانیا کە داهاتەکانیان ئاشکرا نەکردووە.

کوردپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بەدواداچوونی ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت، کە بەرهەم و داهاتی کێڵگە و کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لەخۆگرتووە، تەنیا ١١ کۆمپانیای نەوتی کە لە هەشت کێڵگەدا کار دەکەن، بەسەریەکەوە  ٩٣٦ ملیۆن و ١٩٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە، کە بەیەکەوە ڕێژەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن.
ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣دا، کۆمپانیاکان بە کۆمپانیای کارگرووپەوە بڕی ٥١٥.٧ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە و لە دوای وەستانی هەناردەش، کۆمپانیاکان بڕی  ٤٢٠ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە.
ئەو کۆمپانیایانە پێکدێن لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، گەنێڵ ئەنێرجی، ئاداکس پێترۆلیۆم، ئێچ کەی ئێن، شاماران، گۆڵف کیستۆن، ئێم ئۆ ئێڵ، تاقە، فۆرزا پێترۆلیۆم، شێڤرۆن و کارگرووپ.
ڕێکخراوەکە ڕوونی کردووەتەوە، هەرچەند ناوی کۆمپانیای (کار گرووپ) لە ڕیزبەندی ئەو کۆمپانیایانەدا هاتووە کە داهاتیان ڕاگەیاندووە بەڵام “لەبەر ئەوە نا کە کۆمپانیاکە داهاتی ڕاگەیاندووە، بەڵکو ئەو داهاتە لە ڕاپۆرتی چاودێری دارایی عێراقدا هاتووە”.
بەپێی ئەو شیکردنەوەی بۆ بەرهەم و داهاتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ڕێکخراوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، بە تێکڕا هەرێمی کوردستان ڕێژەی ٦٠٪ی کۆی داهاتەکانی نەوتی بۆ ماوەتەوە، چونکە خەرجی گواستنەوەی لەسەر نییە، بەڵکو نەوتەکە لە خاڵی بارکردنی کێڵگەکەوە دەفرۆشێت. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان پشکەکانیان لە نێوان ٣٦٪ بۆ ۴۰٤٠٪ی کۆی داهات یان بەرهەمی کێڵگەیە. بەو پێیە تەنیا لە داهاتی ئەم کێڵگانەی ئەم ١١ کۆمپانیایە کاری تێدا دەکەن زیاتر لە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی حکوومەتی هەرێم بووە لە ساڵی ٢٠٢٣دا. ئەمە جگە لەو کێڵگانەی داهات و بەرهەمیان ئاشکرا نەکراوە و ڕێکخراوەکەیش نەیتوانیوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەستبکەوێت.
بەپێی بەدواداچوونی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت، لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٤دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەندێک کێڵگە وەکوو تاوکێ، خورمەلە، شێخان و سەرسەنگ گەشتوونەتە ئاستی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣.
هەروەها کۆی بەرهەم بۆ زیاتر لە ٨٠٪ی پێش وەستانی هەناردە بەرزبووەتەوە.
ئەو کۆمپانیاینەی داهات و بەرهەمیان ڕانەگەیاندووە لە ڕابردوو و ئێستادا، لە حەوت کۆمپانیا پێکدێن کە لە شەش کێڵگەی جیا کاردەکەن. ئەوانیش پێکدێن لە کۆمپانیاکانی کارگرووپ، گازپڕۆم، وێسترن زاگرۆس، ڕوسنەفت، پێت ئۆیڵ، هەنت ئۆیڵ و کۆمپانیای وزەی تورکی.

کەمبوونەوەی بەرهەمی کێڵگەکانی نەوت
لە ماوی هەشت ساڵدا بەرهەمی کێڵگەی تاوکێ لە ١٤٥ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٤٤ هەزار بەرمیل دابەزیوە.
لەماوەی هەشت ساڵدا بەرهەمی تەق تەق لە ١٤٨ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٣٩٧٠ بەرمیل دابەزیوە.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە ٣٣ هەزار بەرمیلەوە بۆ ١٢ هەزار و ئێستا بۆ ٩٢٠٠ بەرمیل دابەزیوە.
هەر لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە زیاتر لە ١٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٣١٦٠ بەرمیل دابەزیوە. لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا  لەبەر ئەوەی سوودی بازرگانی نەبوو، کێڵگەکە ڕادەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرایەوە.
زانیاری نافەرمی دەڵێن کێڵگەی خورمەلە بەرهەمی گەشتبووە ١٧٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بەڵام ئێستا لە نێوان ١١٠ بۆ ١٢٠ هەزاردایە.
دوای وەستانی هەناردەی هەرێم هێشتا کێڵگەی تەق تەق، و باشیک نەکەوتوونەتەوە بەرهەمهێنان.
هەریەک لە کێڵگەکانی بجیل، عەین سفنی و چیاسورخ هیچ زانیارییەک نییە لەسەر دەستپێکردنەوەی بەرهەمیان.

هەڵکشانی بەرهەم لە هەشت ساڵی ڕابردوودا
کێڵگەی فیشخاپور کەوتە بەرهەم، ئێستا ئاستی بەرهەمی ٤٩ هەزار و ٥٠٠ بەرمیلە.
بەرهەمی کێڵگەکانی سەرسەنگ، ئەتروش و شێخان قۆناغ بە قۆناغ زیادی کردووە.
لەساڵی ٢٠٢١دا دوو کێڵگەی گازی بنەباوی و میران لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەرگیرانەوە، کەیسەکە لە دادگای ناوبژیوانی لەندەنە، کۆمپانیای گەنێڵ داوای قەرەبوو دەکات. لە ١٩ی شوباتی  ٢٠٢٤ دوو هەفتە دادبینی کۆمپانیاکە و حکوومەتی هەرێم بوو لە دادگا و چاوەڕی دەکرێت لەمساڵدا بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بدرێت. گەنێل ئەنێرجی داوای قەرەبوویەکی زۆر دەکات و دەڵێت بڕی ١.٤ ملیار دۆلارمان لەو دوو کێڵگەیەدا خەرج کردووە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا گرێبەستی ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ کۆتایی هات بەبێ ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن نەوتی لێ بەرهەم بهێنن.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا گرێبەستی کێڵگەی سەرتە لەلایەن کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شێڤرۆنەوە کۆتایی پێهێنرا و کێڵگەکە ڕادەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرایەوە. بەوەش کۆمپانیای شیڤرۆن هیچ وەبەرهێنانێکی لەهەرێمی کوردستان نەما.
کێڵگەکانی بجیل، عەین سفنی، سەرتە و باشیک بە بڕێکی نزم کەوتنە بەرهەمهێنان.
هەر لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا نرخی نەوتی هەرێم لە ١٠ دۆلار داشکاندنەوە بۆ ١٧ تا ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەفرۆشرا.
لەدوای وەستانی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بازاڕی ناوخۆدا، داشکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتی هەرێم کرا لە ١٧ بۆ ١٩ دۆلارەوە ئێستا بە ٥٠ بۆ ٥٥ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت کە پێوانەی جیهانییە دەفرۆشرێت.

News Code 223333

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha