بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە لە ڕێوڕەسمێکدا، بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتش پیترۆڵیۆم (BP)ی بەریتانی واژۆ کراوە.
ڕاشیگەیاندووە، کە ئامانج لە واژۆکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکە، کاری نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانە لە چوار کێڵگەی کەرکووک بۆ بەرھەمھێنانی نەوت و غاز.
باسی لەوەش کردووە، کە یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکە لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و مۆڕای ئۆچینکلۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە واژۆ کراوە.
ھەروەھا بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە چوارچێوەی یاداشتنامە لێکێتگەیتشنەکەدا، کۆمپانیای (BP) کاری نۆژەن کردنەوە و پەرەپێدان لە ھەریەک لە کێڵگەکانی قوبتییە (بابا و ئاڤانا)، بای حەسەن، جەمبوور و خەباز لە پارێزگای کەرکووک سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەنجام دەدات.
کۆمپانیای بریتش پیترۆڵیۆم (BP)، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین کاری نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی لە کێڵگە نەوتییەکان لە عێراق کردووە، بەتایبەتیش لە پارێزگاکانی کەرکووک و بەسرە.
ھەروەھا کۆمپانیاکە لە ساڵی ۲۰۱۳ گرێبەستێکی بە بەھای ۱۰۰ ملیۆن دۆلار بە مەبەستی گەڕان بەدوای نەوت لە پارێزگای کەرکووک لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆ کردووە و لە ساڵی ۲۰۱۹ کۆتایی ھاتووە.
سەرچاوە: باسنیووز
Your Comment