ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق چییە کە مەسروور بارزانی لە ئەمریکاوە داوای پێکهێنانی کرد؟

بەشی جیهان- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئاماژەی بە گرنگی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق کرد.

کوردپرێس:

پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنەی کە سەرۆکی حکوومەت جەخیتی لەسەر دەکاتەوە لە دەستووری عێراقدا هاتووە، کەچی تائێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنەکانیدا باسی لێوەنەکردووە و دروستنەکراوە.

شارەزایەکی دەستوور دەڵێت گەر سیستەمی فیدراڵیەت لە دەستووردا جێگیرکرا، پێویستە دوو ئەنجومەنی هەبێت کە بریتین ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵیەت، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا لە عێراقدا هەیە نامۆیە و سیستەمەکە فیدراڵیە کەچی ئەنجومەنێکیان بوونی نییە.

کارمەند مەحموود، پسپۆری یاسایی و شارەزای دەستور، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لە دەستووری عێراقدا لە ماددەی 65 دا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە ئەنجومەنی فیدراڵ پێکبهێنرێت، بەڵام ئەوەی کە هەیە تا ئێستا پێکنەهێنراوە ئەمە نامۆیە بەڕاستی. یەکێکی تر لە نامۆکان ئەوەیە کە سیستەمی فیدراڵی دەوڵەتی عێراق کە دروستکراوە لەسەر بنمای یەک هەرێم دروستکراوە، کە هەرێمی کوردستانە، هەر چەندە دەستور ڕێگای بەوە داوە کە هەرێمی دیکە دروست بکرێت. بەڵام لە عێراق تا ئێستا ڕێگا بە دروستکردنی هەرێمی ترنەدراوە. بۆیە گەر دروستیش بکرێت ئەو ئەنجومەنە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ ڕابگرێت."

لە ماددەی 65 دەستووری عێراقدا هاتووە، ئەنجومەنێکی یاسادانان پێکدەهێنرێت کە بە "ئەنجومەنی فیدراڵی" ناو دەبرێت، نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆ دەگرێت کە ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە، پێکهاتە و مەرجەکانی ئەندامێتی و بواری تایبەتمەندێتی ئەم ئەنجومەنە و هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێکدەخرێت بە زۆرینەی دوو لە سەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بە پێی وتەی یاساناسان، تەواوی پێکهاتەکان دەبێت وەکوو یەک نوێنەریان لە ئەنجومەنەکە دەبێت، واتا پەیوەست نییە بە ژمارەی دەنگدەر و زۆرینە و کەمینە، هەروەها دەسەڵاتی ئەنجومەنەکە دەتوانرێت لە ڕێگای نوێنەرانی عێراقەوە دیاری بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لقی هەولێر ڕایدەگەیەنێت ئەو ئەنجومەنەی کە سەرۆکی حکومەت جەختی لەسەر دەکاتەوە "بە دروستکردنی کۆتایی بەوە دێت کە پێمان بوترێت دادگای فیدراڵ لە دژی کوردەکان و یاسای تیرۆریش بۆ سوونەکان بەکاردەهێنرێت."

ئەیاد کاکەیی سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لقی هەولێر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لە دەستور ئاماژە بەو ئەنجومەنە کراوە کە دروست بکرێت، بەڵام تا ئیستا عێراق هیچ گرنگیەکی پێنەداوە، لەکاتێکدا زۆرجار لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق سەرکردە سیاسیەکان وتوویانە، 'بە پەرۆشین بۆ ئەوەی عێراق بکەینە عێراقێکی پێکەوە ژیانی سەرجەم پێکهاتەکان.' بەڵام بە داخەوە ئەوەی دەبینرێت هێزێک لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان نەهێڵێت."

ئەو شارەزای یاسایە وتیشی، "دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق باڵانسێک ڕادەگرێت لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم چونکە زۆر جار هەرێم مافی هەیە و پێشێل دەکرێت. لەلایەکی ترەوە دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە گرنگە بۆ کورد، چونکە ئەوەی تێبینیدەکرێت، هەمیشە هەرێمی کوردستان مافە دەستوریەکانی لە ڕووی یاسایەوە پێشێلکراوە."

ئەیاد کاکەیی ئەوەشی بە دەنگی ئەمریکا وت، "ئەنجومەنی فیدراڵ دەتوانێت باڵانسێک ڕابگرێت لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و مافەکان بپارێزیێت، چونکە هەمیشە کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران کەمینەیە، بۆیە کورد ناتوانێت بە کەمینە هیچ یاسایەک تێپەڕێنێت تا لە ڕووی یاسایەوە تەوافقی لەسەر نەبێت."

سەرلەنوێ هەوڵەکانی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە لە کاتێکدایە لە چەند مانگی ڕابردوودا داگای فیدڕاڵێ عێراق چەندین بڕیاری گرنگی داوە لەسەر دەستەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە مانگی 2ی ساڵی 2022 داگاکە وتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نادەستورییە. لە مانگی 5ی ساڵی ڕابردووشدا دادگای فیدڕاڵی عیراق بڕیاری "نادەستووری" بوونی درێژکردنەوەی ژیانی پەرلەمانی کوردستانی دا. هەروەها لە دوایین بڕیاریدا، هەفتەی ڕابردوو، 11 کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی گۆڕی و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بەستەوە بە سیستەمی بانکی مەرکەزییەوە.

بە بڕاوی هەندێک لە چاودێری یاسایی، تەنانەت ئەگەر کورد بشتوانێت فشار بکات بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ، ئەستەمە ئەنجومەنە بتوانێت دژی ئەو بڕیارانە بوەستێتەوە کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕدەبن و تانە لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بدات، چونکە بە پێی ماددەی 94ی دەستوری عێراق، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی یەکلاکەرەوەن و سەرجەم دەسەڵاتەکان دەبێت پێیانەوە پابەندبن.

News Code 223144

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha