بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا و جنین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی مەسعوود بارزانی و پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوە دا کە ئاگاداری ئەوەیە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە کاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەکانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردن کردەوە و ڕاشیگەیاند کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی پڕۆسەیەکی زەحمەت دەبێت.
لای خۆیەوە بارزانی هۆکارەکانی هەڵوێستی پارتی ڕوون کردەوە و ئەوەی خستەڕوو کە دادگەی فیدڕاڵ شوێنی دەستەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەکانی سیاسین و بە شێوەیەک نین کە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
سەرۆکی پارتی دیموکرات ئەوەشی خستەڕوو کە بێبەشکردنی پێکهاتەکان لە نوێنەرایەتیکردنیان زیانێکی زۆر گەورە بەو پێکەوەژیانە دەگەیێنێت کە گەلی کوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی کردووە، دەبێ مافی پێکهاتەکان ڕەچاو بکرێن، چونکە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە کوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بکەن. پارلەمانێک نەتەوەکانی تری تێدا نەبێت پارلەمانێکی لەنگ و ناکامڵ دەبێت.
بارزانی لەدرێژەی قسەکانی جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کردەوە، بەڵام هەڵبژاردنێک کە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی کوردستان بکات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەکی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەکان.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا مەسعوود بارزانی هێمای بەوەدا کە لە هەرێمی کوردستان پارتی دامەزرێنەری شەرعییەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە 1991 لە شاری کۆیە ڕایگەیاندووە کە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی یاسایی بڕۆین.
سەرۆکی پارتی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و جەختی کردەوە کە لە عێراقدا ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکرێن، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە کاتی پێکهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەکی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵکی کوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵکی کوردستانیان وەک چەکێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزارکردنی خەڵکی کوردستان بەکار هێناوە.
ناوبراو لە درێژەی گوتەکانیدا بەپێویستیزانی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفافدا کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن و لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.
لەبەشێکی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئەوەی بە مەسعوود بارزانیی ڕاگەیاند کە کێشەی مووچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس کردووە و ناکرێ جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق باس بکات. هەروەها پێشنیاریشی کرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە تەکنیکیانەی کە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.
لەو کۆبوونەوەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێم پێویستە گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بکرێن.
Your Comment