بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرد کە لە سێناتۆر تێد بەد و سێناتۆر جۆنی ئێرنتس پێک هاتبوون، کە بە ئامادەبوونی ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی لە هەرێم ئەنجام درا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێم، گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگیی پاراستنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا.
مەسروور بارزانی جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداریی هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە.
Your Comment