کار لەسەر ئەوە دەکەین پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ببێتە ۱۵ کورسی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستاندا کار لەسەر ئەوە دەکەن پشکی پێکهاتەکان ببێتە ۱۵ کورسی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژمارەیەک نوێنەری پێکهاتەکان بە سەرپەرشتیی ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کۆ بوونەوە و ڕەوشی پێکهاتەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرد.

دوای کۆبوونەوەکە، ئایدن مەعرووف لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشی پێکهاتەکان دەکەم بێ جیاوازی. لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەوە کۆک بووین کە دەبێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت".

بڕیارە ۲۰-۱۰-۲۰۲۴ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. ئایدن مەعرووف گوتی: ''لە پەرلەمانی داهاتوودا داوا دەکەین یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر گۆڕانکاری بەسەردا بێت. کار لەسەر ئەوەش دەکەین پشکی پێکهاتەکان لە کۆتا بۆ ۱۵ کورسی بەرزبکرێتەوە".

۲۰ـی ئایاری ۲۰۲۴ دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد ۵ کورسی لەو ۱۱ کورسییەی پەرلەمان کە بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی لادرابوون، بۆ کۆتاى پێکهاتەکان بگەڕێنێتەوە.

بەگوتەی ئایدن مەعرووف، یەکێک لەو خاڵانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نوێنەری پێکهاتەکان خرایە بەرباس ئەوە بوو کە لە داهاتوودا جگە لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ۱۱ کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان، کار بۆ ئەوە بکەن ۴ کورسیی کۆتای دیکەش بۆ پێکهاتە ئایینییەکان تەرخان بکرێت.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: ''گرنگە نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، کاکەیی و شەبەک لە پەرلەمانی کوردستان هەبن، چونکە یەک لە شتە باشەکانی هەرێمی کوردستان، پێکەوەژیان ئایینی و نەتەوەییە".

جگە لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی پشکی پێکهاتەکان بۆ ۱۵ کورسی، ئایدن مەعرووف پێدانی مافی ڤیتۆ بە پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە گرنگ دەزانێت ''بۆ ئەوەی لەو بابەتانەی تایبەتە بە خۆیان زیاتر مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێت".

لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانى دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆکیش کورسییەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخان کراوە.

۱۹ ەس لە پێکهاتەی کریستیان خۆیان بەربژێر کردووە و دابەشبوونەکەشیان بەم جۆرەیە: لە هەولێر ۷ کەس، لە سلێمانی ۴ کەس و لە دهۆک ۸ کەس.

۲۰ کەسیش لە پێکهاتەی تورکمان خۆیان بەربژێرکردووە کە بەمشێوەیە دابەش بوون، هەولێر ۱۴ کەس و سلێمانی ۶ کەس.

News Code 223831

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha