لە هەولێر لەسەر کورسییەکی کۆتای تورکمان، ۱۴ بەربژێر ڕکابەری دەکەن

لە بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ۱۴ بەربژێر ڕکابەری لەسەر تاکە کورسییە کۆتاکەی تورکمان دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،۱۲ بەربژێری سەربەخۆ و دوو بەربژێریش لە چوارچێوەی حیزبە تورکمانییەکان، هەریەکە و دەیەوێت خۆی دوا بزمار لەو کورسییە بدات، کە تورکمانێکی هەولێر لە پەرلەمان لەسەری دادەنیشێت.

خاوەن کورسییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان جارێکی دیکە رکابەری دەکەنەوە، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، لە خولی ڕابردوودا بە زۆرترین دەنگی تورکمانەکان، کە ۳ هەزار و ۳۱۸ دەنگ بوو، دوو کورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا، کەس بە رکابەری خۆیان نازانن.

محەممەد سەعدەدین، بەربژێری پارتی گەشەپێدانی تورکمان لەمبارەوە بە ڕووداوی وت: "لە هەموو هەڵبژاردنەکان ئێمە براوەی یەکەم بووین، ئەم هەڵبژاردنەش بە پشتیوانیی خوا زۆرترین دەنگ دەهێنین و ئەو کورسییە مسۆگەر دەکەین و بەشێوەیەکی باش نوێنەرایەتیی تورکمان دەکەین لە خولی شەشەمی پەرلەمان".

پارتی چاکسازیی تورکمان، لە خولی پێنجەمی پەرلەمان بە ۳ هەزار و ۱۲۵ دەنگ خاوەنی کورسییەکی کۆتای تورکمان بوو و پۆستی سکرتێری پەرلەمانی لابوو، بۆ ئەوە هاتوونەتە نێو رکابەرییەکەوە، کە دەتوانن تاکە کورسییەکەی تورکمان ببەنەوە.

مونا نەبی قەهوەچی، بەربژێری پارتی چاکسازی تورکمان دەڵێت: "ئێمە هەمیشە بە متمانەبوون بەشداریمان کردووە، بێگومان ئەو کورسییە بۆ پارتی چاکسازیی تورکمانە بەپێی ئەو دەنگدانەی خەڵکی کوردستان کە بەڵێنیان داوە".

بۆ یەکەمجار بەرەی تورکمانی، کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە هەزار و ۵۴۵ دەنگ کورسیەکی کۆتای هێنا، وەک حیزبە کوردییەکان، لە چوارچێوەی ۹۵ کورسییەکە، بەشداری هەڵبژاردنی گشتی دەکات.

ئایدن مەعرووف، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە بازنەی هەولێر دەڵێت: "بەرەی تورکمانی وەکو لیست لەو پرۆسەیە بەشدارە، ئەمە گرنگە و تەجرووبەیەکی تازەشە، لە هەمان کاتدا کاردانەیەوە لەدژی ئەوەی ژمارەی کورسیی کۆتایان کەمکردووە، لە هەمان کاتیشدا دابەشکردنە لەسەر ئاستی جوگریافیا، هەڵەبوو".

ئەمجارە تورکمان تەنیا دوو کورسی کۆتای هەیە، لە بازنەی سلێمانیش، تورکمانەکانی کفری بە شەش بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکی کۆتا دەکەن.

ئەگەر ناکۆکیشیان هەبێت، هەموو بەربژێرانی تورکمان لە بەرنامەیاندایە، لە خولی داهاتوو کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی ۱۱ کورسییەکەی کۆتا، لەنێویاندا ۵ کورسییەکەی تورکمان.

News Code 224212

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha