بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای سەردانەکەی شاندی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند: "گرنگترین لایەنی گفتوگۆ لە ئیمراڵییە".
سەرۆکی مەهەپە ستاییشی سەردانی شاندەکەی پەرلەمانی کرد بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و وتی: "ڕۆژی هەینی رابردوو، بەپێی ئەو بڕیارەی بە زۆرینەی دەنگ درا، چوونى پەرلەمانتارێک لە مەهەپە، ئاکپارتی و دەم پارتی بۆ دوورگەکە پێشهاتێکی مێژووییە. بەم بۆنەیەوە، لە دڵەوە سوپاسی فەتحی یڵدز و پەرلەمانتارانی دیکە دەکەم."
باخچەلی رەخنەی تووندی لە جەهەپە و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن گرت، کە بەشدارییان لە شاندەکەدا نەکردووە و وتی: "پارتی گەلی کۆماری و پارتەکانی دیکەی نێو لیژنەکە خۆیان لە چوون بۆ ئیمراڵی بەدوورگرتووە، با بەدوور بگرن. ئەگەر چاوەڕێی مۆڵەت و رەزامەندیی ئەوانمان بکردایە، نەماندەتوانی لە شوێنی خۆشمان بجووڵێین. ترسنۆکەکان تەنیا تەماشای ژیان دەکەن، ئێمە تەماشاکەر نین، ئێمە مەهەپەین".
دەوڵەت باخچەلی لە وەڵامی ڕەخنەکاندا بە دەنگێکی بەرز گوتی: "بانگەوازەکەی ئێمە، بانگەوازی ڕزگاریی تورکیایە. پێیانوایە ئێمە بەپێی یاسا و دەستوور تاوان دەکەین. ئەگەر ئێوە دادگایی بکەن، ئەوا دادگایی نزمی و پارەپەرستیی خۆتان دەکەن. تەنیا با تیرۆر بۆ هەمیشە لە ژیانماندا ریشەکێش بکرێت، با کۆتایی ئێمەش سێدارە بێت".
سەرۆکی مەهەپە وتیشی: "تورکیای بێ تیرۆر، بڕیارێکی بێ سازشی میللەت و دەوڵەتی تورکە. باخچەلی ئۆپۆزیسیۆنی بەوە تۆمەتبار کرد کە "هۆشیاریی مێژووییان" نییە و وتی: "ئەو عەقڵییەتەی ئۆپۆزیسیۆن کەوتووەتە غەفڵەتەوە و وا دەزانێت بە رەشکردنی هەموو پێشهاتێکی ئەرێنی دیموکراتتر دەبێت. تورکیا لە قۆناخێکی مێژووییدایە، ئەوانەی دژی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەوەستنەوە، هیچ بەهایەکیان نییە."
بە بڕوای باخچەلی، پیلانێکی "ئیمپریالیستی" کە تەمەنی ۱۵۰ ساڵە و لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی کورد و تورک دامەزراوە، خەریکە لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێت، بۆیە نەیارەکانیان "دوایین کارتی خۆیان بەکاردەهێنن".
Your Comment