کوردپرێس: بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی «ئۆیڵ پرایس»، کۆمپانیای ئەمریکی «کۆنۆکۆفیلیپس» ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر کڕینی ٤٢٪ی پشکەکانی ئەو کۆمپانیا گەشەپێدەرەی کە سەر بە «بی پی»یە و بەرپرسە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی گەورە لە ناوچەی کەرکووک. بەم ڕێککەوتنە، کۆنۆکۆفیلیپس دوای زیاتر لە دەەیەک، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ناو پیشەسازیی نەوتی عێراق.
پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک لەسەر بنەمای گرێبەستێکی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە نێوان حکوومەتی عێراق و بی پی جێبەجێ دەکرێت، کە بەهای وەبەرهێنانەکەی بە نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. ئامانجی قۆناغی یەکەمی ئەم پلانە، دەرهێنانی زیاتر لە سێ ملیار بەرمیل نەوت یان هاوتاکەیەتی لە یەدەگی شیاوی دەرهێنان، لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگە کۆنانە.
بەپێی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیای هاوبەشی نێوان بی پی و کۆنۆکۆفیلیپس بە شێوازی هاوبەشیی وەبەرهێنان (Capital Participation) کار دەکات؛ بە جۆرێک کە هەردوو کۆمپانیاکە بەبێ پێویستی بە وەبەرهێنانی سەرەتایی گەورە، هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان و تێچووەکانی پڕۆژەکە، لە قازانجەکانی سوودمەند دەبن. لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکووری عێراق وەک خۆیان بەرپرسیارێتی پرۆسە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی کێڵگەکان دەگرنە ئەستۆ.
ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدا دێت کە حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات ئامادەیی کۆمپانیا ئەمریکی و ئەورووپاییەکان لە کەرتی وزەی وڵاتەکەیدا زیاتر بکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەلی دەزیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە مانگەکانی ڕابردوودا دانوستانی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا لەوانە کۆنۆکۆفیلیپس و شیڤرۆن ئەنجام داوە بۆ وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی وزەدا؛ ئەم هەنگاوەش وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە بەردەم ئامادەیی بەربڵاوی کۆمەڵگا چینییەکان لە پیشەسازیی نەوتی عێراقدا هەڵدەسەنگێندرێت.
کێڵگەی نەوتی کەرکووک کە لە ساڵی ١٩٢٧دا لە ناوچەی باباگرگر دۆزرایەوە، بە یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. ئەم کێڵگەیە لە لوتکەی بەرهەمهێنانیدا ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام بەهۆی چەندین دەەیە لە شەڕ، گەمارۆ، کۆنبوونی دامەزراوەکان و کەمیی وەبەرهێنان، ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ نزیکەی ٢٨٥ تا ٣٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.
هاوکات، عێراق لە ئاداری ٢٠٢٦ـەوە هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی هێڵی بۆریی کەرکووک-جیهان بۆ تورکیا دەست پێکردووەتەوە و ڕۆژانە نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەم ڕێگەیەوە هەناردە دەکات. بەغدا لە پاڵ ئەم ڕێڕەوەدا، بەدودواداچوون بۆ زیندووکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک-بانیاس لە ڕێگەی سووریاشەوە دەکات، وەک بژاردەیەک بۆ هەمەجۆرکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز.
شارەزایان پێیان وایە هاوبەشیی نێوان بی پی و کۆنۆکۆفیلیپس دەکرێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی باکووری عێراقدا. ئەم پڕۆژەیە جگە لە زیادکردنی بەرهەمهێنان، لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیشەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و نیشانەی هەوڵەکانی بەغدایە بۆ ڕاکێشانی سەرمایە و تەکنەلۆژیای کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەوان لە پیشەسازیی وزەی عێراقدا.
Your Comment