بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تولای هاتیموغولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی: "لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی دیدارێکی زۆر بەبایەخیان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجامداوە، نوێنەری ئێمە، گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، بەشێک بوو لەم شاندە، دیدارێكی بونیادنەر و هەمەلایەنە و هیوابەخش بووە، تیشکی خستووەتە سەر پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا".
ناوبراو وتیشی: ئەم دیدارە هەنگاوێکی مێژوویی بوو، دەرگای ئاشتی و برایەتی کردەوە کە لەمێژبوو چاوەڕوان دەکرا لە تورکیادا، ناكرێت ئەم کۆبونەوەیە تەنها بەدانیشتنێکی گوێگرتن و پەیوەندیکردن بزانرێت، بەڵکوو پردێکە بۆ گفتوگۆ کە رەنگە ڕوخساری ئایندەی هاوبەشی گەلان بنەخشێنێت، بێ گومان سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەکە زانیاری پێویست سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە هاوبەش دەکەن.
تولای هاتیموغولاری، راشیگەیاندووە: گومانمان نییە لەوەی ئۆجەلان جارێکی دیکە بە روونی پابەندبونی خۆی بە پتەوکردنی هاوپەیمانی تورکیاو کوردو زەمینەی هاوبەش بۆ هەموو گەلان و بەردەوامکردنی هەلومەرجی بێ ململانێ و هەوڵدان بۆ چارەسەری دیموکراسی نیشانداوە، بەڕێز ئۆجەلان، دیدگایەکی پێشکەش کردووە کە کلیلی پرۆسەی ئاشتی دەبێت، بەتایبەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بۆ ئایندەی تورکیا بنەڕەتییە.
Your Comment