بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە ۱۸ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۵ لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان وتی: کۆمیسیۆن ۱۷یەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات. دوای ئەوە، ئەگەری هەیە ئەو شاندەی دەچێتە ئیمراڵی، پێکبهێندرێت و دەستنیشان بکرێت. دەبێت کۆتایی بەو مشتومڕانە بهێندرێت کە ڕۆژانێکە بەردەوامن لەبارەی 'ئایا بچنە ئیمراڵی یان نەچن؟'.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر بمانەوێت ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بە پێوەرێکی دروست و دڵسۆزانە بێتەدی، ئەوا هیچ مانایەک بۆ دواخستنی چوون بۆ ئیمراڵی نامێنێتەوە.
باخچەلی وتیشی: ئەگەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێو پڕۆسەکە دانەنرێت، چۆن دەگەینە ئەنجام؟ چۆن پێشڤەچوون بەدەست دێت؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکهاتووە لەم چوارچێوەیەدا بڕیار نەدات، ئەگەر هیچ کەسێک ئارەزووی ئەو سەردانە نەکات، ئەگەر هەمووان پێداگیر بن لەسەر ئەوەی رۆڵی سێ مەیموونەکە بگێڕن، ئەوا بە راشکاوی دەیڵێم: من لەوە پاشگەز نابمەوە کە لەگەڵ سێ هاوڕێمدا، بە توانای خۆمان بچینە ئیمراڵی و لە دەوری مێزێک ڕووبەڕوو دابنیشین.
Your Comment